پاپای ڤاتیكان عێراقی ناچاركرد دوای چوار هه‌زار ساڵ شوێنه‌وارێك ڕووناك بكاته‌وه‌

پۆڵەتیک پرێس

بۆ یەکەمجار لەماوەی چوار هەزار ساڵی رابردوودا، دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق شوێنەواری ئوری مێژووییان لە پارێزگای زیقار رووناک کردەوە.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو پاپای ڤاتیکان نوێژی هەموو ئاینە جیاوازەکان و خێڵە عێراقییەکان کە بە نوێژی “ئەسیزی” ناسراوە، لەم شوێنەوارە ئەنجامبدات.

لەوبارەیەوە عامر عەبدولڕەزاق، توێژەر و شوێنەوارناس و بەڕێوەبەری مۆزەخانەی شارستانی ناسڕیە جەختی لەوەکردەوە، شوێنەواری ئور بە کۆنترین بیرۆکەی بنیادنانی پلیکانەیی لە جیهاندا هەژمار دەکرێت، کە لەلایەن پادشا “ئور نمو” لە بنەماڵەی ئوری سێیەم دوو هەزار و 100 ساڵ پێش زاین بنیادنراوە.

بەقسەی ئەو توێژەرە، ئور لە هەرەمەکانی میسڕ و پیرۆ و ئینکای مەکسیک کۆنترە و دەکەوێتە رۆژئاوای شاری ناسڕیە و دەرکەوتووە زیاتر لە چوار هەزار ساڵە لەم شوێنەدا خەڵک ژیاون.

شوێنەواری ئور لە سێ قات و سێ پلیکانە پێکهاتووە، هەر پلیکانەیەک لە 100  پلە پێکهاتووە، هۆکاری ئەوەش کە ژمارە 3 لەم شوێنەوارەدا زۆر بەکارهاتووە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ژمارەیە لە عێراقی کۆندا پیرۆز بووە، بۆیە بەشێک لە زانایانی شوێنەوار بە ژمارەیەکی مێتافیزیکی هەژماری دەکەن، کە لە سەروو جیهانی سروشتییەوەیە و رەهەندێکی دیکەی داوە بە شێوازی بیرکردنەوەی ئەو کاتەی سۆمەرییەکان.

لە ئێستادا، بەرزی شوێنەوارەکە 16 مەتر و نیوە، بەڵام لە سەرەتای بنیادنانی شوێنەوارەکە بەرزییەکەی 26 مەتر و نیو بووە، هاوکات، تەنیا چینی یەکەمی بە تەواوەتی ماوە لەگەڵ بەشێک لە چینی دووەمی شوێنەوارەکە، بەڵام چینی سێیەمی بوونی نەماوە.

لە هەموو لایەکانی شوێنەوارەکەوە کونێکی کراوە هەیە و پێیدەوترێت “چاوی فرمێسکاوی”، ئەم کونانە بۆ دەرکردنی ئاوی باران بەکارهاتووە و کاتێک ئاوی بارانەکەی لێدێتەدەرەوە هاوشێوەی فرمێسک دەڕژێت.

شوێنەواری ئور لە پارێزگای زیقار لەدوای رووناکبوونەوەی شێوازێکی نوێی وەرگرت، ئەم هەنگاوەی حکومەتیش لە چواچێوەی ئامادەکارییەکانی هاتنی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دێت کە بڕیارە هەینی داهاتوو سەردانی عێراق و کوردستان بکات.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا