به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی هه‌رێم: داهاتمان له‌نێوان 100 بۆ 125 ملیار دینار دێت و دەچێت

پۆڵه‌تیك پرێس:
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لەبەرئەوەی سیستمی كاركردنمان لە دەروازە سنوورییەكان ئەلكترۆنییە بواری بە هەدەردان نامێنێتەوە، هەركەسێكیش بەڵگەی لایە لەسەر بوونی بە هەردەردان لە دەروازە سنوورییەكان پێمان خۆشە لە دادگا بیخاتەڕوو.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند: “لەبەرئەوەی سیستمی گومرگی ئێمە بە شێوەیەكی ئەلكترۆنی بەڕێوەدەبرێت هیچ بوارێكی تێدانیە بۆ بەهەدەردان، بە پێناسەیەكی یەكگرتوو لە هەموو دەروازە سنورییەكاندا كە یەكمان خستووە لەگەڵ عێراق كاردەكەین”.

دەربارەی هەڕەشەی ژمارەیەك پەرلەمانتار كە دەڵێن بەڵگەی بەهێزمان هەیە لەسەر بەهەدەردان لە دەروازە سنوورییەكان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم وتی:”ئێمە پێمان خۆشە ئەگەر ئەوان هەر بەڵگەیەكیان لایە ئەوە كارێكی دڵسۆزانەیە پێشكەشی دادگای بكەن، بۆئەوەی كێشەیەك هەبێت چارەسەربكرێت، یان كەسێك هەبێت كاری نایاسایی بكات سزابدرێت، ئێمە هەماهەنگ دەبین هەركاتێك پێویست بە زانیاری ئێمە بكات لەوبارەیەوە”.

روونیشیكردەوە، “داهاتی خاڵە سنوورییەكان جێگیرنیە، بە هۆی قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا و گۆڕانكارییە سیاسییەكانەوە، لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی دیكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت دەتوانم بڵێم ئێستا داهاتی گومرگی ئێمە لە نێوان 100 بۆ 125 ملیار دینار لە مانگێكدا دێت و دەچێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا