به‌بێ پاره‌كه‌ی هاوپه‌یمانان موچه‌ی به‌شێك له‌ پێشمه‌رگه‌ دابه‌شكرا

ئەم بابەتە 168 جار بینراوە

پۆڵه‌تیك پرێس:
ئەمڕۆ مووچەی لیوای 12ی هێزەكانی پێشمەرگە و دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشكراوە ئەمەش لە كاتێكدا لیوا هاوبەشەكان تا ئێستا مووچەی مانگی شوباتی 2021 یان وەرنەگرتووە ئەگەر چی بڕیاربوو لە رێگەی پاڵپشتی دارایی هاوپەیمانان، سێ‌ مووچە بەسەر یەكەوە و بەبێ‌ لێبڕین وەربگرن.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند:”چاوەڕێدەكەین لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رێگەی پاڵپشتی دارایی هاوپەیمانانه‌وه‌، مووچەی لیوا هاوبەشەكانیش دابەش بكەن”.

دەربارەی دابەشكردنی مووچەی هێزەكانی حەفتا و هەشتا بەبێ‌ لێبڕین سەرچاوەكە وتی: “هاوپەیمانان تەنها لە چوارچێوەی هێزەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە مامەڵەدەكەن و مووچەی ئەو چەند لیوا هاوبەشە دەدەن كە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن”.

پێشتر باڵانبۆ محەمەد ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاندبوو، “دوای ئەوەی لە رێگەی پاڵپشتیكردنی دارایی هاوپەیمانانەوە وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاریدا سێ‌ موچەی لیواكانی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەر یەكەوە و بەبێ‌ لێبڕین دابەش بكات، هێزەكانی حەفتاو هەشتاش داوایانكرد بە هەمانشێوە بەبێ‌ لێبڕین موچەیان بدرێتێ‌، ئەمەش بووە هۆی دواخستنی موچەی لیواكانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەت لە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشەیەدایە، چونكە ئەوانیش مافی خۆیانە موچە بە بێ‌ لێبڕین وەربگرن”.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک