ئاشتیمان دەوێت

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە”، وتارێکی بۆ میدیاسکۆب نوسی و تیایدا جەختی لەوەکردەوە، هیچ بژاردەیەک لەبەردەم خەڵکی تورکیادا نییە جگە لە ژیانی هاوبەش و ئاشتی.

دەمیرتاش لەو وتارەیدا نوسیویەتی، ئەو کارەساتەی لەماوەی هەفتەکانی رابردوو لە چیای گارە روویدا مەودای گرنگی و زیندوویی ئاشتی بەبیرهێناینەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “سیاسەتی دەسەڵات گەیشتووەتە سنورێکی ناعەقڵانی و بەداخەوە هیچ کارێکی شێتانە نەماوە نەیکات لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگ و کورسی، لەگەڵ ئەوەشدا، نابێت دامەزراوەی سیاسی و دەوڵەت بەتەواوەتی رادەستی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە ببێت، لەناو ئەو هەموو وێرانکارییەشدا پێویستە نیازی جددی و راستگۆیانە بخەینەڕوو تا هیواکانی ئاشتی بە زیندوویی بمێننەوە”.

باسی لەوەشکرد، “هێشتا لەگەڵ تورکەکانمان و کوردەکانمان دەمرین و ئازار دەچێژین، لەجیاتی ئەوەی چاوببڕینە چەک و توندوتیژی وەک چارەسەر، پێویستە سەرنج بخەینەسەر سیاسەتی دیموکراسی، نابێت واز لە سیاسەتی دیموکراسی بێنین، پێویستە سیاسییە بەرپرسەکان بەبێ بەفیڕۆدانی کات ژێرخانی ئابووری بۆ چارەسەری کۆتایی و هەمیشەیی بنیادبنێن.

لەجیاتی ئەوەی چاوببڕینە چەک و توندوتیژی وەک چارەسەر، پێویستە سەرنج بخەینەسەر سیاسەتی دیموکراسی

دەمیرتاش وتیشی: دەسەڵات هەوڵ نادات بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاشکرایە ئاشتی بۆ ئەم حکومەتە گونجاو نییە، لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵبژاردنی بێدەنگی لە ئاست ئەو مردنەی گشتگیر دەکرێت تەنیا لەبەرئەوەی دۆخەکە بەم جۆرەیە، وامان لێدەکات مرۆڤبوونمان لەبیربکەین، سەبارەت بە منداڵەکانمان و دایک و باوکە ئەشکەنجەدراوەکانمان، ئۆپۆزسیۆن بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەگرێتەئەستۆ تا رێگەنەدات ئیرادەی پێکەوەژیان لەمە زیاتر زیانی پێبگات و هەوڵ دەدات هەلێک بڕەخسێنێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری دیموکراسی و ئاشتییانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین داتای ورد لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ چارەسەر پێشکەش کراوە، بەڵام بەداخەوە، هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی شانبەشانی ئەو داتایانە نەنراوە، دەمیرتاش پرسی: ئازار و مردنەکان بەردەوام دەبن؟ ئەی هەمووان هەنگاوی کۆنکرێتی دەنێن بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی ئاشتی؟

وتیشی: کاتی ئەوەیە ئازایانەتر بۆ بەدیهێنانی ئاشتی هەنگاوبنێین، نابێت بهێڵین کات تێپەڕێت و هێشتا سیاسەتێکی کۆنکرێتیمان دانەنابێت، جەختی لەوەشکردەوە پێویستە سەرجەم ئەو بازنانەی پاڵپشتی ئاشتی دەکەن بەبێ درەنگکەوتن کۆببنەوە لەپێناو بەرهەمهێنانی پڕۆژەی چارەسەری سیاسی.

دەمیرتاش جەختی لەوەکردەوە، جگە لە ئاشتی و پێکەوەژیان هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە و وتی: پێویستە لەسەر هەموو هێزە دیموکراسیەکان بەتایبەتیش هەدەپە، دەستپێشخەری زیاتر بکەن لەپێناو ئاشتی ناوخۆی وڵات و پێشکەشکردنی نەخشەرێگایەکی کۆکرێتی تا لەڕێگەیەوە کۆمەڵگا لەو پشێوی و بێهیواییە دەربهێنن.

جگە لە ئاشتی و پێکەوەژیان هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە

باسی لەوەشکرد، هەدەپە لەمپێناوەدا هەوڵی جددی دەدات، بەڵام پێویستە ئیدارەی هەدەپە شێواز و زمانی سیاسی خۆی وا رێکبخات کە لەگەڵ ئەم ئامانجانەدا رێکبکەون، لەم ژینگەیەدا ئاشکرایە گفتوگۆکردن لەسەر داخستنی هەدەپە و سزادانی ئەندامەکانی بەشێک نابێت لە پرۆسەی ئاشتی، هیواشی خواست لەپێناو دەرئەنجامێکدا کە باجەکەی قورس نەبێت، ئەم هەڵەیە ئەنجام نەدرێت.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە کێشەکانمان لەڕێی سیاسەت و گفتوگۆوە چارەسەر بکەین و ئەم جەنگ و ناکۆکییانە کۆتاییان پێبێت، وتیشی: پێویستە بەدەستی خۆمان ئەم ئامانجە بەدیبهێنین بەبێ هیچ فشارێکی دەرەکی، رێگریکردن لە دەستوەردانی دەرەکی لەڕێی بنیادنانی یەکێتییەکی ستراتیژی نوێ بەدیدێت لەگەڵ کوردانی ناوەوە و دەرەوە، نابێت لەسەر بنەمای چارەسەرە شکستخواردووەکان، چارەسەری سیاسی نوێ بدۆزینەوە.

لە کۆتایی وتارەکەیدا دەمیرتاش ئەوەی خستەڕوو، لەجیاتی بینینی چەک و توندوتیژی وەک چارەسەر، پێویستە سیاسەتی دیموکراسیەت پەرەپێبدەین، وتیشی: من درک بەوە دەکەن قسەکردن لەسەر ئاشتی لە ناوجەرگەی قەیرانی ئابووری و کێشە تەندروستییەکان ئاسان نیە، بەڵام ناتوانین چارەسەری ریشەیی بۆ هیچ کام لە کێشەکانمان بدۆزینەوە ئەگەر قسە لەسەر دۆسیە ئازاربەخشەکانمان نەکەین، بۆیە ئێستا کاتی زیادبوونی هیوایە بە ئاشتی، ئێمە ئاشتیمان دەوێت و ئامادەین بۆی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا