هاتنی پاپا بۆ عیراق

ئەگەرچی تائێستا ڕوون نییە داخوا پاپا سەفەرەكەی بۆ عیراق دەكات یان نا “هەرچەندە وادەی هاتن‌و مانەوەكەو بەرنامەی هاتنەكەی ئاشكراكراوە” بەڵام هاتنەكە هەركاتێك بێت دەبێتە روداوێكی گرنگ، عیراق وڵاتێكی فرەنەتەوەو فرە ئاینە، هەروەها دیرۆكێكی دێرین‌و گەورەی هەیە ئاینی مەسیحیدا، زۆرێك لەپاپاكانی پێشتر هەمیشە چاویان لەوە بووە چۆن بتوانن سەردانی عیراق بكەن، چونكە هەمیشە وڵات لیپ بووە لەشەڕو شۆڵ‌و نادادی‌و ستەم، بۆیە بواری سەردانی كەسایەتیەكی جیهانی وەك پاپا تاڕادەی زۆر ئەستەم بووە، ئەوە جگەلەوەی كە ڕەنگە دڕدۆنگیەكیش لەگۆڕێ‌ بێت سەبارەت هاتنی بۆ عیراق.

ئەگەر هیچ روداوێكی لەپڕ رونەدات پاپا فڕەنسیس پاپای ڤاتیكان ڕۆژی 5ی ئازار سەردانی عێراق دەكات‌و بڕیارە سێ‌ ڕۆژ بمێنێتەوە، بەر لەهاتنەكەی مێنجا لێسكۆڤاری باڵیۆزی ڤاتیكان لەعیراق توشبوونی خۆی بەكۆرۆنا ڕاگەیاندو ئەوەشی وت كە سەردانەكە هەڵناوەشێتەوە، ئەشێت ئەم سەردانە بۆ عیراق‌و بۆ ئاشتی ناوچەكە بایەخی گرنگی هەبێت، ئەگەر بەوردی‌و بەبەرنامە كاری لەسەربكرێت، ڕاستە پاپا پایەیەكی ئاینیە، بەڵام لەڕووی سیاسیشەوە لەسەر ئاستی دنیا بایەخی تایبەتی هەیە .

ساڵی 2008 ئەوكاتە پاپا بندكتۆسی شازدە پاپای ڤاتیكان بوو، بوارێك ڕەخسا بۆئەوەی چەند كەسێك لەكەركوكەوە تایبەت سەردانی ئەوبكەن‌و دیداری لەگەڵ بكەن، یەكێك لەوكەسانە ئیدریسی حاجی سەعیدی نوسەرو ڕۆژنامەوان بوو، ئەو لەتەقینەوەكەی 16-7-2007 برینداربووبوو، ئەوە گەورەترین تەقینەوەی كەركوك بوو، من بەكورتی نامەیەكم سەبارەت دۆخی كەركوك‌و ناوچەكە بۆ پاپا ناردو داوام لێكرد لەئاشتەوایی نێوان پێكهاتەكانی كەركوكدا رۆڵی هەبێت، نامەكە گەیشت یان نا، ئێستاش هەمان باوەڕم هەیە كە دەكرێ‌ پاپا فڕەنسیس لەنێوان پێكهاتەكانی ناوچە دابڕێنراوەكاندا رۆڵی هەبێت‌و داوای پێكەوەژیانی ئاشتیانە لەهەمولایەنە سیاسیەكانی ئەو ناوچەیە بكات .

بەئومێدی ئەوەی هاتنەكەی پاپا ببێتە دەروازەیەك بۆ ئەوەی سەقامگیریی‌و ئاشتی لەم ناوچە خوێناویەی دنیا بێتە دی.

لەتیف فاتیح فەرەج

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا