لەم قەیران و كێشانەی ئێستای هەرێمی كوردستاندا چەندین پرۆژەی سیاسی و چارەسەر دەبیستین، هەریەك لە حزب و سیاسیەكان گوتارێكی سیاسی دەدەن و رۆشنبیرەكانیان شیكاری بۆ دەكەن، لە رێگەیەوە دەیانەویت بڵێن پێوست بە پرۆژەی سیاسی بەدیل ناكات، پێشنیار و پرۆژەی چارەسەریان هەیە و لەپشت هەر پرۆژەیەكەوە سەرۆكێك هەیە، هەریەك لە ئەندامان دەڵیت تەنها سەرۆكەكەی من دەتوانێت ئەم كێشانە چارەسەر بكات!
بەشێكی زۆر لەو گوتاردەرانە دەیانەویت بڵێن ئێمە وەك مەڕ دوای شوانەكە كەوتوین و ئێوەش وەرن بەدواماندا، وەك ئێمە بێدەنگی لێ بكەن و ژیانی خۆتان بە ئاسودەیی بەرنە سەر،چیتر دەست لە راوبۆچونیی ئازادانەی خۆتان هەڵگرن، ئەگەر نا ئەوا هەموو ئامرازێك بەكاردێنن بۆ ئەوەی بچنە ناو مێگەلەكەوە ، برسیكردن،دادگا، گرتن بە تۆمەتی سیخوڕیی.
ئەمە ئەو ستراتیژەیە لە رێگەی گوتارەكانیانەوە بڵێن ئەو هەموو ترس و دڵە راوكێیە تەنها ئێمە دەتوانین لای بەرین، چەندین دوژمنی ناوخۆیی و دەرەكی نیشان دەدەن ، ترسی لەدەستدانی هەرێم و قەوارەكە، نەمانی موچە، ترسی هاتنی حەشدی شەعبی، ترسی پەرتبونی هەرێم، ترسی داعش….هتد . ئەمە پێی دەڵێن دەسەڵات بەرێوەبردن لەرێگەی گوتاری سیاسیەوە.
لێدان و هەڕەشە و زیندانیكردنی ئازادیخوازان دەكەوێتە ئەو چوارچێوەیەوە، یان بێدەنگ دەبن یان لەسەرتان دەدرێت!
سەری هەموتان دەشكێنن! …. كەواتە مرۆڤ دەكەوێتە بەردەم چەند هەڵبژاردەیەك یان دەبێت وەك كۆیلەیەك بژی و بمرێت، بێ ویژدان ژیان بەریتە سەر، یان وەك مرۆڤێكی خاوەن ویژدان بژیی تا ئەوكاتەی دەنگی زۆرینە دەبێتە دەنگی ئازادی.
ئارام سەعید