دەرگا کراوەکانی قاچاخ

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

رژێمی سوریا هیچ دەسەڵاتێکی کردەیی لەسەر سنوری وڵاتەکەی نییە لەگەڵ عێراق، بەتایبەت کە ئەو سنورانە لەژێر کۆنتڕۆڵی چەند لایەنێکدایە و لەلایەن میلیشیاکانی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بەکاردەهێنرێت.

بەکارهێنانی دەروازە سنورییەکانی چوارچێوەی سنوری ئیداری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان بەمەبەستی قاچاخچێتیکردن بە مرۆڤ و شمەک و گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بووەهۆی ئەوەی ئەمریکا رێگایەک بۆ بۆردومانکردنی ئەو ناوچانەی ئەندامانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی سەربە ئێرانی تێدایە لە بوکمال لەناو خاکی سوریا بدۆزێتەوە.

لەدوای بۆردومانەکەی ئەمریکا دەرکەوت، رژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا، بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵی سنورە 600 کیلۆمەترییەکەی لەدەستداوە کە لە سێگۆشەی سنوری نێوان سوریا و ئوردن و باشوری عێراق دەستپێدەکات و بە سێگۆشەی سنوری نێوان سوریا و باکوری عێراق و تورکیا کۆتاییدێت.

هێز و میلیشیا خاوەن دەسەڵاتەکانی سەر سنوری سوریا هەمەجۆرن، بەنمونە هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” لە ناوچەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان، هاوسنور لەگەڵ عێراق و هەرێم، دەسەڵاتیان هەیە، لەلایەکی دیکەوە، هێزە شیعەکانی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران دەستیان بەسەر بەشی باشوری روباری فوراتدا گرتووە کە لەڕووی ئیدارییەوە سەربە پارێزگای دێرەزورە، بەڵام هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا و هێزە سورییە ئۆپۆزسیۆنەکان دەستیان گرتووە بەسەر ناوچەکانی سنوری تەنف لە پارێزگای حمس لە رۆژهەڵاتی سوریا بەرەو سنورەکانی ئوردن.

دەسەڵاتی رژێمی سوریا لە دەروازە سنورییەکان روکەشە و بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن میلیشیاکانی سەربە سوپای پاسداران کۆنتڕۆڵکراوە

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، نابێت رێکخراوی چەکداری داعش لەیادبکەین کە هێشتا دەسەڵاتی تەواوەتی لەدەستنەداوە، بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، داعش هێشتا لە جموجوڵ بەردەوامە بەتایبەت لە شەواندا و لە سنوری نێوان عێراق و سوریا لە چالاکیدایە.

بەر لە شۆڕشی سوریا کە لە بەهاری ساڵی 2011 دەستیپێکرد، سێ دەروازەی فەرمی عێراق و سوریای بەیەکەوە دەبەستەوە، ئەوانیش، دەروازەی تەنف لە رۆژهەڵاتی حمس کە هاوتایە لەگەڵ دەروازەی ئەلوەلیدی عێراقی، دەروازەی بوکمال لە رۆژهەڵاتی دێرەزور کە بەرامبەر دەروازەی قائیمە لە عێراق، لەگەڵ دەروازەی یەعروبیە لە حەسەکە کە هاوتایە لەگەڵ دەروازەی رەبیعە لە باکوری عێراق و هەرێمی کوردستان کە شنگال دەبەستێتەوە بە سوریاوە.

ساڵی 2014، هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە دەروازەی تەنف جێگیربوون و لەوێ لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش لە سوریا و عێراق، بنکەیەکی گەورەی سەربازیان جێگیرکرد.

لەلایەکی دیکەوە، بۆماوەی پێنج ساڵ و لە ساڵی 2012 کارکردن لە دەروازەی بوکمال راگیرا، کاتێک هێزەکانی سەربە سوپای سوریای ئازاد دەستیان بەسەر دەروازەکەدا گرت بەر لەوەی لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت، لە ئەیلولی ساڵی 2019 رژێمی سوریا دەروازەی بوکمالی بەڕووی جوڵەی بازرگانی و هاتوچۆی خەڵکدا کردەوە.

چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆیی جەختیان لەوەکردەوە، دەسەڵاتی رژێمی سوریا لە دەروازە سنورییەکان روکەشە و بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن میلیشیاکانی سەربە سوپای پاسداران کۆنتڕۆڵکراوە، بەپێی ئەو سەرچاوانە، لە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو ئەو میلیشیایانە پابەند نەبوون بە بڕیاری حکومەت بۆ داخستنی دەروازە سنورییەکان بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەنانەت هاتنە ناوەوەی خەڵک لە عێراقەوە بەرەو سوریا بەردەوامی هەبووە.

رێکخراوی داعش دەروازەی قاچاخچێتی لەنێوان سوریا و عێراقدا هەیە

بەپێی قسەی فراس عەلاوی، بەڕێوەبەری ناوەندی شەرق نیوز، میلیشیاکانی ئێران تەنیا کۆنتڕۆڵی دەروازەی بوکمالیان نەکردووە، بەڵکو دەروازە سنورییە فەرمی و نافەرمییەکان بۆ مەبەستی قاچاخچێتی چەک و ماددەی هۆشبەر و هاوڵاتیان بەکاردەهێنن.

لەلایەکی دیکەوە عەلاوی ئاماژەی بەوەکرد، رێکخراوی داعش دەروازەی قاچاخچێتی لەنێوان سوریا و عێراقدا هەیە، لەوانەش دەروازەکانی نێوان بیابانی سوریا و بیابانەکانی پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق.

کارکردن بەشێوەی فەرمی لە دەروازەی یەعروبیە لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان هەتا ئێستا بەداخراوی ماوەتەوە، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆیی ئاماژە بەوەدەکەن، هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئەم دەروازەیە بۆ گواستنەوەی کاروانی سەربازی لە عێراقەوە بەرەو بنکەکانیان لە رۆژهەڵاتی روباری فورات بەکاردەهێنن.

ئەو سەرچاوانە ئاماژە بەوەشدەکەن، کۆمەڵە عەشایەرەکان لە بەشێک لە ناوچەکانی نێوان سوریا و عێراق لە چوارچێوەی سنوری ئیداری پارێزگای حەسەکە خاوەنی دەروازەی سنورین و لەوێوە نەوت و چەک و جگەرە و خۆراک و ماددەی هۆشبەر و خەڵک لە عێراقەوە بەرەو سوریا و بەپێچەوانەشەوە قاچاخ دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە ئیدارەی خۆسەری کورد لە رۆژئاوای کوردستان پشت بە دەروازەی سنوری سەمالکای نارێکخراوی نێوان عێراق و سوریا دەبەستێت، ئەم دەروازەیە وەک پردێکی ئاسنینە بەسەر روباری دیجلە و بە چەند کیلۆمەترێکیش بەناو خاکی سوریادا تێپەڕدەبێت و بۆ تێپەڕبوونی هاوڵاتیان لە کوردستانەوە بەرەو سوریا و بەپێچەوانەشەوە بەکاردەهێنرێت، هەر لەوێشەوە خۆراک و ماددەی دیکە دەگوازرێتەوە، ئەم دەروازەیە لەژێر دەسەڵاتی کوردەکاندایە چ لە سوریا چ لە عێراق، ئەو شاندانەش کە لە کوردستانەوە دەیانەوێت بچنە رۆژئاوا هەر ئەم دەروازەیە بەکاردەهێنن.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا