پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، تا ئێستا فراكسییۆنە شییعەكان یەك دەنگ نین لەسەر بڕگەیەك تایبەت بەپشكی كورد لە پرۆژە یاسای بودجە و حكومەتی هەرێمیش پێداگری لەسەر ئەو بڕگەیە دەكات لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نێردراوە.
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، پێشتر حكومەتی هەرێم و عێراق لەسەر بڕگەیەك رێككەوتوون و لە پرۆژە یاسای بودجەدا جێگیركراوە كە بریتیە لە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بەپێی نرخی سۆمۆ، ئەم بڕگەیە لەلایەن فراكسیۆنە شییعەكانەوە رەتكراوەتەوە و حكومەتی هەرێمیش پێداگری لەسەر دەكات.
وتیشی، “تا ئێستا هێزە شییعەكان یەك دەنگ نین لەسەر بڕگەیەك دوایین بڕگە تایبەت بە پشكی كورد، فراكسیۆنە شییعەكان داوای كۆی نەوت دەكەن بە مەرجێك پشكی كۆمپانیاكانی لێدەگێڕنەوە هەر بەنەوت، پترۆ دۆلار و بەكاربردنی ناوخۆیشی لێدەگێڕنەوە، ئەوەی كە دەمێنێتەوە دەچێت بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵی”.
ئەحمەد حاجی رەشید روونیشیكردەوە، تا ئێستا لەناو شیعەكاندا فراكسیۆنی سائرون رای خۆیان نەداوە دەربارەی ئەم بڕگەیە، وە حكومەتی هەرێمیش هیچ شتێكی نەوتووە لەبارەیەوە و نەشهاتووەتە لیژنەی دارایی، “بەبڕوای من ئەگەر هاتوو ئەو بڕگەیەی حكومەت ناردوویەتی رەتبكرێتەوە، ئەم بڕگەیە باشترین بژاردەیە حكومەتی هەرێم پێی رازی بێت”.