شەڕی گارە و تێكشكاندنی ئیرادەی سوپای توركیا

لەو رۆژانەدا زۆر رووداوی مێژوویی گرنگ روودەدەن، كەچی بەداخەوە میدیاكانی كوردی بەشێوەیەكی گشتی لەئاستی ئەو رووداوانە نین، بەتایبەتیش میدیاكانی باشوور، كە زۆرینەیان پابەندی حزبەكانن و بەرژەوەندی تەسكی حیزبەكانیان ریگایان پینادات راستیەكان بدرێكن، ئەمە جگە لەوەی هەژموونی دەوڵەتانی هاوسێ لەباشوور هێندە زۆربووە، كە سانسۆرێكی گەورەی لەسەر هەموو كایەكان، لەوانەش میدیاكانی هەریم دروست كردووە، ئەمه سەرباری ئەوەی ئاستی هوشیاری رۆژنامەنووسانی كورد بەداخەوە لەئاستی پێویست و گەورەیی رووداوەكان نیەو زیاتر خەریكی شەڕە دندوكی ناوەخۆن.

لە بەرەبەیانی 10 ئەو مانگەدا، دوای ماوەیەك لەهەڕەشه و چاوسووركردنەوە، هیزەكانی توركیا پەلاماری چیای گارەیان دا و هێرشیان كردە سەر بنكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، هەموو پێشبینەكان بەو ئاڕاستەیە بوو، كە ئەو شەڕە زۆر دەخایەنێت و سەركەوتنی گەورە بەدەستدێنێت، چونكە لەرووی چەك و تفاقی جەنگیەوە هیچ بەراوردێك لەنێوان هێزی توركیاو هێزی گەریلاكان ناكرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی لەناوەخۆو دەرەوە لەرووی سیاسیەوە پاڵپشتی توركیا دەكرێت و گڵۆپی سەوزی بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی PKK ی بۆ دادەگیرسێنرێت. بەڵام دوای تەنیا چوار رۆژ، واتە لە 13 هەمان مانگدا توركیا هەواڵی وەستاندنی شەڕی راگەیاندو بە بێدەنگی هێزەكانی خۆی كشاندەوە.

لەراستیدا توركیا هێزەكانی نەكێشایەوەو وەك رایانگەیاند ئەركەكەیان تەواو نەكردبوو، بەڵكو توركیا رووبەڕووی شكستێكی گەورە بووەو وەك دەڵێن سەری دای لەبەردی چیای گارە.

ئەوەی لەو شەڕەدا كەمتر هەڵوەستەی لەسەر كرا، چەند گەریلایەك نەك توانیان سوپای توركیا بووەستێنن بەڵكو زۆر بەخراپی تێكبشكینن و زۆربەی ئەو ئەفسەرانەی بەشێوەیەكی مەیدانی سەرپەرشتی شەڕەكەیان دەكرد، زۆر بەخێرایی لەناوبران و كوژران، كە ئەمە ئیرادەی سوپای توركیای بەتەواوی تیكشكاندو توانای بەردەوامكردنی شەڕەكەی لانەهێشت، ژمارەی كوژراوەكانی توركیا زۆر زیاترە لەوەی هەردوولا باسی دەكەن، لەراستی پارتی كریكارانی كوردستانیش لەبەر نەوروروژاندنی رای گشتی توركیا ژمارەی زۆری كوژراوەكانی سوپای توركیا راناگەیەنێت، واتە جۆرە رێكەوتنێكی رانەگەیەنراو لەلاەین PKK و حكومەتی توركیا هەیە، كە راستی ژمارەی كوژراوەكانی توركیا رانەگەیەنن، یاخود PKK رایناگەیەنێت و توركیاش خۆی لێبێدەنگ دەكات!.

وەك لەسەر زاری بەرپرسێكی PKK هاتووە ‌، نزیكەی بیست فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و 41 فڕۆكەی شەڕكەرو سەدان سەربازو هێزی تایبەتی توركیا بەشداری ئەو شەڕەیان كرد، بەشداریكردنی ئەو ژمارە زۆرە لەفڕۆكە واتای گەورەیی شەڕەكەو ترسناكی ستراتیژی توركیا بووە لەو شەڕە، كە پێموایە هەوڵیكی شكستخواردووی توركیا بوو بۆ فراوانكردنی قووڵایی ئەو پشتێنە ئاسایشەی لەرۆژئاوای كوردستانەوە دەستیپێكردووە تا دەگاتە دوا خاڵی هەژموونی توركیا لە ئێراق، واتە زینی وەرتێ، بەڵام ئەو هەوڵە شكستی هێنا، ئەنجامدانی شەڕێك بەرامبەر هێزیكی لەو جۆرە و شكاندنی هێرشیكی لەو شێوەیە رەنگدانەوەی دوو خاڵی گرنگە:

1- بوونی ئیرادەیەكی پۆڵایین و گیانێكی بەرەنگاربوونەوەی لەبن نەهاتوو.

2- ئاستێكی بەرزی شەڕی پارتیزانی، بەشێوەیەك دووەم گەورەترین هێزی ناتۆ نەتوانیت بەرامبەری بوەستێت!.

توركیا لەو شەڕەدا هەموو جۆرە چەكیكی بەكارهێناوە، وەك لەراگەیەنراوە سەربازیەكەی PKK داهتووە،‌ سوپای توركیا بەچەكی كیمیاوی هێرشی كردۆتە سەرئەو ئەشكەوتەی، ژمارەیەك لەدیلەكانی توركیای تیابووە، كە بەگوێرەی هەمان بەیاننامە ژمارەیان 13 كەس بووە، لەگەڵ گیراوێكی تری باشووری كوردستان و 6 گەریلای تیابووە، پاسەوانی دیلەكانیان كردووە، هەموویان كوشتووە پاشان بۆئە‌وەی شوێنەواری ئەو تاوانە بشارێتەوە، بەچەكی تر، واتە بەگولە لە جەستەی دیلەكوژراوەكانی داوە. ئەو شەڕە پێویستە سروشی لێوەربگیرێت و كورد لەهەموو پارچەكان وەك ئەزموونێكی بەرەنگاربوونەوە سوودی لیوەربگرێت، تەكنیك و تەكتیكی ئەو جۆرە شەڕانە پێویستە لە ئەكادیمیا سەربازیەكان بخوینرێت و گەنجانی كورد لەسەر ئەو بنەمایە پەروەردە بكرێن، هاوكات ئەمە ئەوەمان بۆ رووندەكاتەوە، كە كورد چیتر ناكرێت بە بچووكیەوە سەیری خۆی بكات و خۆی لەئاست دوژمناندا نزمتر ببینێت، ئەو شێوازە بەرگریە مۆدیلێكە پێویستە درێژەو پەرەی پێبدرێت، هیوادارم ئەو شكستەی توركیا ببێتە هۆی ئەوەی چیتر بیر لەچارەسەری سەربازی بۆ مەسەلەی كورد نەكاتەوه و توركیا و PKK بچنەوە سەر مێزی دانوستان، لەپێناو چارەسەریەكی رەواو ئاشتیانەی دۆزی كورد لەباكووری كوردستان، توركیا لەجیاتی ئەوەی ئابووری وڵاتەكەی لەكوشتنی رۆڵەكانی خۆیدا بەهەدەر بدات، بۆ بونیاتنان و ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەی بەكاریبهێنێت.

كامەران مەنتك

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا