پۆڵەتیك پرێس
ئەندامی پارتی دیموكراتی ئەمەریكا كە ئێستا سەرۆكایەتی ئەو وڵاتەیان بەدەستەوەیە داوای دەركردنی هێزە سەربازەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكات.
نەسیر عمری ئەندامی پارتی دیموكراتی ئەمریكا رۆژە یەكشەممە 28ی شوبات دەڵێت، “نابێت بوونی سوپای ئەمریكا لە عێراق هەبێت، لەبەرئەوەی رێگە نادرێت هیچ ئامادەبونێكی سەربازی بۆ وڵاتانی تر هەبێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا هەبێت، سەرۆكی ئەمریكاش مامەڵە لەگەڵ عەقڵییەتی جیاواز لەگەڵ ململانێكانی ناوچەكەدا دەكات.
ئەمریكا لەساڵی 2014وەو دوای هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستانو عێراق هێزەكانی بۆ عێراق گێڕایەوە، كە پێشترو لەساڵی 2010 زۆرینەی سەربازەكانی كشاندبووەوە.
سەرەتای ساڵی 2020، دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەیی سوپای قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریكاوە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی فراكسیۆنە شیعەكان دەنگیان لەسەر چونە دەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق دا كە مەبەستی سەرەكی پرۆژە یاساكە كردنە دەرەوەی ئەمریكا بوو لە عێراق.