“ئەردۆغان ناتوانێت جارێکی دیکە ببێتە سەرۆک”

ئەم بابەتە 381 جار بینراوە

پۆڵەتیک پرێس

جیم ئۆزان، دامەزرێنەری پارتی “گەنجان”ی تورکیا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەنای بردووەتەبەر بیرۆکەی گۆڕینی دەستور لەبەرئەوەی ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت.

جیم ئۆزان کە ماوەی 11 ساڵە لە دەرەوەی تورکیا دەژی باسی لەوەکرد، ئەردۆغان دوو جار وەک سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردراوە، بۆیە ئەگەر گۆڕانکاری لە دەستوردا نەکرێت ئەوا ناتوانێت جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆک.

ئۆزان لە لێدوانەکەیدا پرسی: چەند جار گۆڕانکاری لە دەستوردا کراوە؟ من بیرم نایەت، وتیشی: ئەردۆغان ئەو دەستورەی نوسیبوو کە لە ساڵی 2017 گۆڕدرا، دواتر هاوڵاتیان بڕوایان بە گۆڕانکارییەکە ‌هێنا و چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، ئیدی بۆچی جارێکی دیکە  دەستور دەگۆڕێت؟

لەلایەکی دیکەوە لەبارەی لێدوانەکەی دەوڵەت بەهجەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا کاتێک وتی: کاندیدی هاوپەیمانی سەرۆکایەتی ساڵی 2023 ئەردۆغانە، ئۆزان پرسی: بەهجەلی بێ ئەوەی زانیاری لەسەر دەستور هەبێت قسە دەکات؟

لە وەڵامدا وتی: پێموابێت بەهجەلی باش دەستوری تورکیا دەزانێت و دەشزانێت ئەو ماددەیەی رێگری دەکات کەسێک زیاتر لە دوو جار ببێتە سەرۆک واتای چییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، بەنیازە جارێکی دیکە گۆڕانکاری لە دەستوری تورکیادا بکات.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک