یاساكانی یارییەكە دەگۆڕێن

پۆڵەتیك پرێس:
هێرشەكانی سوپای ئەمریكا لەشەوی پێنجشەممە لەدژی میلیشیا شیعییە پرۆ – ئێرانییەكان، كە تۆمەتبارن بەئەنجامدانی هێرش بۆ سەر پێگەیەكی ئەمریكا لەهەولێر، پەیامێك بوو بۆ لایەنە بیانییەكانی سەر خاكی سوریا وەك ڕوسیا‌و ئێران.

ناوەڕۆكی پەیامەكە ئەوە بوو، كە ئەمریكا لە بەرانبەر بە ئامانجگرتنی پێگەی سەربازی‌و دیپلۆماسیدا لەعێراق‌و ناوچەكە بێدەنگ نامێنێتەوە.

ڕوسیا خێرا لەپەیامی ئەمریكا گەیشت، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا ڕۆژی هەینی داوای لەئەمریكا كرد پەیوەندی لەگەڵ مۆسكۆ دابمەزرێنەوەو هەڵوێستی ئیدارەی بایدن لە سوریا ڕوونبكەنەوە.

ڕوسیا خێرا لەپەیامی ئەمریكا گەیشت

لاڤرۆڤ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لە مۆسكۆ وتی: تەنانەت ئەگەر باس لەڕێوشوێنە ئاساییەكان لەپەیوەندییەكانی نێوان سوپای ڕوسیا و ئەمریكا بكەین، دەبێت هەردوولا بۆ ئەو پرسە هەماهەنگی بكەن.

بەقسەی شیكەرەوان كاردانەوەی ڕوسیا بەرانبەر ئەو هێرشانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە مۆسكۆ بە خێرایی سەرسام بووە بە وەڵامەكەی واشنتۆن بۆ بە ئامانجگرتنی پێگەكەی لەهەولێر، لە كاتێكدا ڕوسەكان پێشبینییان دەكرد بایدن ئەزموونی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا دووبارەبكاتەوە، كە سیاسەتی ل خۆ دورخستنەوە بوو لە دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ لە دۆسییەی سوریا.

روسیا لەوەش نیگەرانە، كە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە، ئەمریكا هیچ هەماهەنگییەكی لەگەڵ مۆسكۆ لەسوریا نەكردووە

روسیا لەوەش نیگەرانە، كە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە، ئەمریكا هیچ هەماهەنگییەكی لەگەڵ مۆسكۆ لەسوریا نەكردووە، چونكە دەترسێت، ئەو هێرشانە گرژی زیاتر لەنێوان هەردوولا دروست بكات.

جۆن كێربی، وتەبێژی پنتاگۆن ڕۆژی پێنجشەممە لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، لەسەر ڕێنمایی بایدن، هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا چەند هێرشێكی ئاسمانیان ئەنجامداوە، كە ژێرخانی چەكدارانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانیان بە ئامانج گرتووە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

كێربی ئاشكراشیكرد، ئەو هێرشە چەندین دامەزراویان لەناوبردووە لەخاڵێكی كۆنترۆڵی سەر سنوور، كە گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران تێدا بوون.

كاربەدەستێكی ئەمریكا لەبارەی ئەو بڕیارەی ئەمریكا، باسی لەوە كردووە، بڕیاری دەستپێكردنی ئەو هێرشانە ئەوەیە، واشنتۆن بەنیازە ئاماژەیەك بنێرێت، كە ئەمریكا دەیەوێت گروپە چەكدارەكان سزا بدات، بەڵام ناخوازێت دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزییەكی گەورەتر بچێت.

بایدن چەندین بژاردەی بۆ پێشنیار كراوە

ئەو كاربەدەستە، كە قسەی بۆ پێگەی عەرەب كردووەو ناوەكەی نەهاتووە، دەشڵێت: بایدن چەندین بژاردەی بۆ پێشنیار كراوەو لەناو بژاردەكان ئەو بژاردەی دیاریكردووە، كەمترین كاردانەوەی دەبێت.

شرۆڤەكاران‌و سیاسەتمەدارانیش دەڵێن: هێرشەكە سنووردار بووە بۆ ناردنی پەیامێك بۆ لایەنە پرۆ ئێرانییەكان لە عێراق، ئەگەرنا ئەو هێرشە ئەو گروپانەی لەپشت هێرشەكەوە بوون لە ناو خاكی عێراق دەكردە ئامانج، نەك لەخاكی سوریا.

شیكەرەوان ئاماژە بەوەش دەكەن، ئیدارەی بایدن ویستویەتی بە بەرپرسانی ئێرانی بسەلمێنێت، كە چەند بەدیلێكی هەیە بۆ ئەوەی بیانهێنێتە سەر مێزی دانوستانی، هەروەها دەستەوەستانیش نابێت لە بەرانبەر نەگەڕانەوەی بۆ سەر مێزی دیالۆگ، بەتایبەتی لەسەر پرسی رێككەوتنی ئەتۆمی.

مایكڵ مەككەول، كە دیارترین ئەندامی كۆمارییەكانی كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، پێیوایە، هێرشەكان هۆشداریدانێكن بۆ ئێران، كە دەبێت ناچار بەگفتوگۆ بێت، ئەگەرنا هێرشەكان بەردەوام دەبن.

هەروەها سوزان مالۆنی لە دامەزراوەی برۆكینگز لەتویتەر نووسیویەتی: هێرشەكان هەنگاوێكی باش بوون، كە نیشانی دا ئیدارەی بایدن دەتوانێت لەسەر ڕێكەوتنە ناوكییەكە لەگەڵ ئێران دانوستان بكات.

هێرشەكەی سەر هەولێر لە 15ی شوبات ئەنجامدراو هێرشەكەش بۆ بنكەیەكی سەربازی ئەمریكییەكان بوو لەناو فڕۆكەخانەی هەولێر، كە ئەوە كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا