بەرپرسێكی یەكێتی: توركیا بیانویدایه‌ حه‌شدی شه‌عبی بۆ ناردنی هێزی زیاتر بۆ شه‌نگال

ئەم بابەتە 172 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس
بەرپرسی راگەیاندن و پەیوندییەكانی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت، جێبەجێنەكردنی رێككەوتننامەی شەنگال پەیوەندی بە ململانێی هێزە هەرێمی و نێوخۆییەكانەوە هەیە لەو سنورەدا.

غەیاس سورچی، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، سەرنەگرتنی رێككەوتننامەی شەنگال دەگەڕێتەوە بۆ ململانێیەكی نێودەوڵەتی و هەرێمی لە نێوان توركیا و ئەمریكا و ئێران.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی وتیشی:”ئەو هێزانەی لە پەكەكە نزیكن، لەلایەن حەشدی شەعبی هاوكاری دەكرێن، ئەوانیش بە درێژایی 73 كم تەواوی چیای شەنگالیان كۆنترۆڵكردووە، لەلایەك حەشدی شەعبی پابەند نەبوو بە رێككەوتنەكەوە لەلایەكی دیكەش ئەم هێزانە خۆیان لە چیاكە توندكردووە و بە سوپای عێراق دەرناكرێن”.

روونیشیكردەوە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆسەر چیای گارە كە شكستی هێنا ئامانجی دووەمی شەنگال بوو، بەڵام توركیا سەرباری شكستی ئۆپەراسیۆنەكەی هەڵەیەكی ستراتیجی گەورەی كرد، بەوەی بیانووی دایە دەست ئەو هێزانەی بەپێی رێككەوتنەكە دەبوو شەنگال چۆڵبكەن، پاشگەزببنەوە.

غەیاس سورچی ئاشكراشیكرد، “ئەگەرچی لە دەزگاكانی راگەیاندنەوەی باسی هاتنی سێ‌ لیوای حەشدی شەعبی دەكرێت بۆ شەنگال، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستماندایه‌، نزیكەی شەش لیوای حەشدی شەعبی هاتوونەتە سنورەكە”.

رۆژی 9 تشرینی یەكەمی 2020 رێككەوتنی ئاسایی كردنەوەی دۆخی شنگال لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆكرا، كە ئامانج لێی دورخستنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و په‌كه‌كه‌ بوون له‌شه‌نگال.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک