پۆڵه‌تیك پرێس:
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق دواین زانیاریی له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق ئاشكراده‌كات، هاوكات په‌رله‌مانی عێراق بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به هه‌رێمی كوردستان له‌و بودجه‌یه ڕه‌تده‌كاته‌وه.
سوهام موسه‌وی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌میانی لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، دواكه‌وتنی ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق په‌یوه‌سته به هه‌رێمی كوردستانه‌وه، كه ڕێككه‌وتنی كۆتایی له‌باره‌ی پشكی هه‌رێمه‌وه تا ئێستا ئه‌نجامنه‌دراوه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عێراق ده‌شڵێت “په‌رله‌مان به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌بڕ ئه‌وه‌ی ڕه‌تكردووه‌ته‌وه كه حكومه‌تی عێراق پابه‌ندبێت به‌دانه‌وه‌ی شایسته‌ی دارایی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی له‌هه‌رێم كارده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ڕه‌تیشیكردووه‌ته‌وه قه‌رزه ده‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێم بداته‌وه”.
سوهام موسه‌وی باسی له‌وه‌شكرد، هێشتا ناكۆكی له‌نێوان لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان و شاندی دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێم هه‌یه.
هه‌فته‌ی ڕابردوو لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ته‌واوكردنی ڕه‌شنوسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراقی بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری ڕاگه‌یاند، به‌ڵام به‌بێ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو مادده‌یه‌ی تایبه‌ته به پشكی هه‌رێم.