په‌رله‌مانتارێكی كورد: سه‌ركرده‌ شیعه‌كان دژی به‌ئامانجگرتنی نوێنه‌رایه‌تی وڵاتانن

پۆڵه‌تیك پرێس:
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، زۆرینەی هێزە شیعەكان و سەركردەكانییان دژی بە ئامانج گرتنی هێزەكانی هاوپەیمانان و نێردە دیبلۆماسییەكانی وڵاتانن لە عێراق و پێیان وایە، ئەو هێرشانە كاریگەری خراپی كردووەتە سەر متمانەی عێراق لە نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

هەرێم كەمال ئاغا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند:”بە ئامانج گرتنی هێزەكانی هاوپەیمانان و باڵیۆزخانه‌ و نوێنەرایەتی وڵاتان كاریگەری خراپی كردووەتە سەر عێراق و بڕواو متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە عێراق، به‌تایبه‌ت لە ڕووی ئابوری و سیاسی و ئەمنی، بۆیە مانەوەی بەم شێوەیەی هێرشەكان و نەبوونی سزایەك بۆ ئەنجامدەرانی، عێراق دەكاتە بەشێك لە ململانێكانی ناوچەكە بەتایبەتی ململانێكانی ئەمرێ و ئێران”.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی:”هێرشەكەی سەر هەولێر دژی هێزەكانی ئەمریكابووە و ئەمریكا رایگەیاندبوو ئەنجامدەرانی وەڵامی خۆیان وەردەگرنەوە، بۆیە ئەو هێرشەی ئەمریكا كردیە سەر گروپێكی چەكدار لە چوارچێوەی وەڵام و وەڵامكارییدابووە”.

روونیشیكردەوە، هێزە شیعەكان و سەركردە دیارەكانیان دژی ئەو هێرش و بە ئامانج گرتنەی باڵیۆزخانە و نێردە دیبلۆماسییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانن لەلایەن چەند گروپێكەوە كە بەرژەوەندی گشتی عێراق بخاتە مەترسیەوە.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 25 ی شوبات، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا لە تۆڵەی هێرشە مووشەكییەكەی 15ی شوباتی سەر هەولێر بنكەی چەكدارانی حیزبوڵڵا و كەتیبەی سەید شوهەدای عێراقیان لەناو خاكی سووریا بۆردوومانكرد، ئەمەش بە یەكەم پەرچەكرداری سەربازی ئیدارەی جۆبایدن دادەنرێت دژی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا