چارەنوسی رێككەوتنی هەرێم و ناوەند نادیارە

پۆڵەتیك پرێس

سەرەڕای نزیكبونەوەی پێشنیاز و بۆچونەكانیان لەیەكەوە، بەڵام هێشتا نازانرێت كەی رێككەوتنی كۆتایی لە نێوان هەرێم و ناوەند لە بارەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی 2021دا یەكلای دەكرێتەوە.

ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، گفتوگۆكان بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا رێككەوتنی كۆتایی لەسەر پشكی كورد نەكراوە.

وتیشی، “بەبڕوای من بەبێ‌ بڕگەی پشكی كورد پرۆژە یاساكە ناخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر بشخرێت ئەوا هەڵوێستی فراكسیۆنە كوردییەكان تائێستا لەسەر ئەو بڕگەیە كە حكومەتی عێراق لە پرۆژە یاساكەدا دایناوە”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، كۆتاییەكانی ساڵی رابردو حكومەتی عێراق پرۆژەی یاسای بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی 2021 رەوانەی پەرلەمان كرد، سەرەڕای چەندین كۆبونەوەو چونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، بەڵام تا ئێستا رێككەوتن دەربارەی پشكی كورد لە ناو پرۆژە یاساكە نەكراوە.

حكومەتی عێراق لە پرۆژە یاساكەدا پشكی كوردی بەڕێژەی 12.67% دیاریكردووە، لە بەرانبەریشدا پێویستە هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی نانەوتی رادەستی حكومەتی عێراقی بكات.

تائێستا لایەنە شیعەكان بەم بڕگەیە رازی نین، خواستیان ئەوەیە هەرێم تەواوی دۆسیەی نەوت رادەستی بەغدا بكات، هەرێمیش ئەوەی رەتكردوەتەوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک