پۆڵەتیك پرێس
سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەنجامی باش لە لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە روداوی هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەدەستهاتوون، بەڵام هێشتا نەگەشتونەتە قۆناغی كۆتایی.
مەسرور بارزانی لە مەراسیمی كردنەوەی بەشێك لە شەقامی 150 مەتری هەولێر رایگەیاند، ئاسایشی هەرێم توانیویەتی زانیاری زۆر كۆبكاتەوەو تەنانەت ئەو كەس و ئەو لایەنانەشیان دۆزیوەتەوە كە هێرشەكەیان ئەنجامداوە، بەڵام جارێ لەبەر رەوشی لێكۆڵینەوەكان ناوەكان ئاشكرا ناكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنجامی زۆرباش لە لێكۆڵینەوەیەكان بەدەستهاتوون و لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و حكومەتی عێراق تاوتوێیانكردوە.
وتیشی، “تا ئێستاش لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و نەگەیشتونەتە قۆناغی كۆتایی”.
شەوی 15ی شوبات، چەند موشەكێك ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كران، بەهۆیەوە كەسێكی مەدەنی و بەڵێندەرێكی بیانی گیانیان لەدەستدا، هاوكات بۆ بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێكیش فڕۆكەخانەكە داخراو گەشتەكانی راگیران.