ورده‌كاریی پێدانی سێكته‌ری كاره‌بای هه‌رێم به‌كه‌رتی تایبه‌ت

پۆڵەتیك پرێس
رەشنوسی پڕۆژەیاساكەی وەزارەتی كارەبا كە ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ پەسەندی كرد، لەچوار تەوەر پێكهاتووە و یەكێك لەوانە پێدانی كارەبایە بەكەرتی تایبەت لەچوارچێوەی یاسادا.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومه‌تی هەرێم لەو بارەیەوە به‌ پۆڵەتیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، زیاتر لە 25 ساڵە هیچ گۆڕانكارییەك لەوەزارەتی كارەبادا نەكراوەو وەزارەتەكە پێویستی بەپێداچوونەوەی ورد هەیە، لەو رووانگەیه‌شەوە وەزارەتی كارەبا رەشنوسێكی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئامادەكردووە”.

وتیشی:”رەشنوسی پڕۆژەیاساكەی وەزارەتی كارەبا لەچوار خاڵ پێكهاتووە ئەوانیش یەكەمیان نوێكردنەوەی هەیكەلی ئیداری وەزارەتی كارەبا و دووەمیان دەستكراوەیی وەزارەتی كارەبایە لەهاوردەكردن و فرۆشتنی وزەی كارەبایە، سێیەمیان بەشداریپێكردنی كەرتی تایبەتە لەپرۆژەكانی وەزارەتی كارەبا و چواره‌میشیان بابەتی وزە نوێبووەكان وەك وزەی خۆر و با، لەناو پرۆژەكەدا جێگەی كراوەتەوە”.

باسی لەوەشكرد، بەشێكی زۆری كارەبای هەرێم كەرتی تایبەت دابینیدەكات و لەساڵانی رابردووشدا لە 85%ی بەرهەمی كارەبای هەرێمی كوردستان كەرتی تایبەتە، بەڵام ئاماژەی پێنەدراوە بۆیە لە رەشنوسی پڕۆژە یاساكەدا دانراوە تا بەشداریكردنی ئەوكەرتەش بچێتە چوارچێوەی یاساوە”.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، دوای ئەوەی لەئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەكەیان پەسەندكراوە، رەوانەی پەرلەمان دەكرێت و چاوەڕێن لەكاتی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەنگی لەسەربدرێت.

لەكۆبونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا بەكۆی دەنگ ژمارەیەك پڕۆژەیاسا پەسەندكران یەكێك لەو پڕۆژە یاسایانە پەسەندکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا