جوڵەكانی لاهور شێخ جەنگی مەسرور بارزانی ناچار بەسازشكردن كرد

پۆڵەتیك پرێس:
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رۆژی 12/8/2020‌ دوای كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی، بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك هەموو ئەو ریسەی كردەوە بەخوری، كە بە زیاتر لە 3 مانگ گفتوگۆ لەنێوان هەولێرو بەغدا چنرابوو بۆ گەیشتنە رێككەوتن‌و چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم رۆژی دوانزەی ئاب بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی كۆبووەوەو دوای كۆبوونەوەكەش رایگەیاند، هەرێم لەكاتێكدا هیچ بەربەست‌و بیانوویەكی دەستووریی‌و یاسایی‌و دارایی نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی لەپێناو دابینكردنی موچە و شایستە داراییەكانی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك، كە هەموو مەرجەكانی حكومەتی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستوور قبوڵ كردووە، بەڵام حكومەتی فیدراڵی زیاتر لەسێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەك وەك موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت.

بڵاوكردنەوەی ئەو بەیاننامەیە، كاردانەوەی توندی بەغدای بەدواوە هات‌و هەر دوای چەند سەعاتێك لەبەیاننامەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی بەیاننامەكەی دایەوەو رایگەیاند، دانوستانەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا هەنگاوی باشیان بڕیوەو بەغدا هەر لەسەرەتای دانووستانەكانەوە سوور بووە لەسەر دابینكردنی مافی هاووڵاتیانی هەرێم و دەستەبەركردنی موچەكانیان، بەتایبەت كاتێك دەركەوتووە ئەو پارەیەی لەبەغداوە رەوانەی هەرێم دەكرێت ناگاتە دەستی هەموو ئەوانەی شایستەن.

بڵاوكردنەوەی ئەو دوو بەیاننامەیەكە گرژییەكی زۆری لەنێوان هەولێرو بەغدا دروستكردو ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی دڵەراوكێی زیاتر لەلای هاووڵاتیانی هەرێم بەتایبەتی فەرمانبەران، بەوەی ترسیان هەبوو گفتوكۆكانی هەرێم بە بنبەست بگات‌و نەگەنە رێككەوتن.

 

بڵاوكردنەوەی ئەو دوو بەیاننامەیەكە گرژییەكی زۆری لەنێوان هەولێرو بەغدا دروستكردو ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی دڵەراوكێی زیاتر لەلای هاووڵاتیانی هەرێم بەتایبەتی فەرمانبەران

بەپێی بەدواداچوونێكی “پۆڵەتیك پرێس”، ئەو بەیاننامەی ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمان‌و ئاگاداری مەسرور بارزانی نووسراوەو لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران خوێنراوەتەوەو دواتر بڵاوكراوەوە، كە مەبەستیش لێی تێكدانی گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا بووە.

هەر بەپێی بەدواداچوونەكەی “پۆڵەتیك پرێس” دوای ئەوەی ئەو زانیارییانە گەیشتووە بەسەركردایەتی یەكێتی، كە هەوڵێك لەناو پارتی دیموكرات بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا نەگەن بەرێككەوتن، راستەوخۆ لەسەركردایەتی یەكێتی كاردانەوە دروست بووەو دەست كراوە بەچەند هەوڵێك بۆ ئەوەی هەوڵەكەی پارتی‌و خودی مەسرور بارزانی سەرنەگرێت‌و رێككەوتنی هەولێرو بەغدا واژووبكرێت.

یەكەم جوڵەی یەكێتی
لەكاردانەوەی بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی وەزیران‌و وەڵامەكەی وەزارەتی دارایی عێراق رۆژی 13/8/2020‌، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، لەسەرەتاوە لەگەڵ گەیشتن بەڕێكەوتنێك بووە، كە دەستەبەری گەیشتنی پارەی بودجەی فیدراڵی و داهاتەكانی هەرێم بۆ ئەو كەسانە بكات، كە لە هەرێمدا شایستەن و جەختیشی لەپرەنسیپی شەفافییەت و پەیرەوكردنی چوارچێوە یاساییە ئاشتییەكان كردووەتەوە، كە هیچ بوارێك بۆ گەندەڵی و یاریپێكردن نەهێڵێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری سەركردایەتی یەكێتی دراوە بە “پۆڵەتیك پرێس” ئەو راگەیەنراوەی سەرۆك كۆمار بەئاگاداری‌و ئاماژەی هاوسەرۆكایەتی یەكێتی نیشتمانی بڵاوكراوەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، هاوسەرۆكایەتی یەكێتی وەك یەكەم جوڵەی داوای لەبەرهەم ساڵح كردووە دەست بەهەوڵەكانی بكات، بۆ ئەوەی گفتوگۆكانی هەولێرو بەغدا بە بنبەست نەگەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو بەیاننامەی بڵاوكردووەتەوە، كە هەر لەبەیاننامەكە هۆشداری بە بەرپرسانی هەرێم‌و عێراق دابوو، نابێت ئەو گفتوگۆیانەی لەپێناوی رێككەوتن كراوە، بە هەوڵی تاكەكەسی لەبار ببرێت.

جوڵەكانی لاهور شێخ جەنگی
لەچوارچێوەی هەوڵەكانی یەكێتی بۆ ئەوەی گفتوگۆكانی هەولێرو بەغدا لەبار نەبرێن، لەرۆژی 15/8/2020‌، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سووربوونی حیزبەكەی بۆ رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و عێراق دووپاتكردەوە، كە ناوبراو لەپەیامێكی كورتدا رایگەیاند، یەكێتی سوورە لەسەر رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی هەرێم‌و عێراق.

 

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سووربوونی حیزبەكەی بۆ رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و عێراق دووپاتكردەوە، كە ناوبراو لەپەیامێكی كورتدا رایگەیاند، یەكێتی سوورە لەسەر رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی هەرێم‌و عێراق

هاوسەرۆكی یەكێتی راشیگەیاند، سووربوونی یەكێتی بۆ رێككەوتنی هەولێرو بەغدا لەپێناو دابینكردنی شایستە داراییەكانی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە.

زانیارییەكانی “پۆڵەتیك پرێس” باس لەوەش دەكەن، كە پەیامەكەی لاهور شێخ جەنگی بۆ ئەوە بووە، هۆشداری بداتە پارتی‌و ئەو كەسانەی دەیانەوێت گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا بەئەنجام نەگەن، كە ئەوان رازی نابن بەو هەوڵەو سوورن لەسەر رێككەوتنی هەولێرو بەغدا، ئەوەش بۆ كۆتایی هێنان بەو قەیرانەی موچەخۆرانی هەرێمی تێكەوتووە.

لەو بارەوە سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: یەكێتی بەدیلی بۆ قسەكەی لاهور شێخ جەنگی نەبووە، كە ئەویش ئەوە بووە، جگە لە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا هیچ رێگەیەكی تر نییە.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی راشیگەیاند، ئەوان دەیانەوێت هەر رێگەیەك هەیە بۆ دابینكردنی موچە ئەو ڕێگەیە بگرنەبەر، جەختیشی كردەوە جگە لەرێككەوتن رێگەیەكی تریان نەبووە، بۆیە سووربوون لەسەر ئەنجامدانی رێككەوتنەكە.

دواین كارتی فشاری یەكێتی
لەبەردەوامی كاردانەوەكان بۆ هەوڵەكانی رێگری لەرێككەوتنی هەولێرو بەغدا لەلایەن خودی مەسرور بارزانی‌و پارتی دیموكرات، یەكێتی نیشتمانی دەستی بۆ دواین كارت بردووە.

بەپێی سەرچاوەیەكی ناو مەكتەبی سیاسی یەكێتی دواین كارتی ئەو حیزبە ئەوە بووە، كە ئەگەر مەسرور بارزانی‌و پارتی سووربن لەسەر هەڵوێستەكەیان بۆ ئەوەی شكست بەرێككەوتن‌و هەولێرو بەغدا بهێنن، ئەوان وەك یەكێتی تاكلایەنە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكەن.

 

ەگەر مەسرور بارزانی‌و پارتی سووربن لەسەر هەڵوێستەكەیان بۆ ئەوەی شكست بەرێككەوتن‌و هەولێرو بەغدا بهێنن، ئەوان وەك یەكێتی تاكلایەنە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكەن

 

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو هەڵوێستەی یەكێتی بۆ ئەوە بووە پارتی بێتە ژێر باری رێككەوتنەكەو بەقسەی سەرچاوەكەش ئەگەر پارتی رازی نەبووایە، خۆیان دەستپێشخەرییان بۆ رێككەوتن لەگەڵ عێراق دەكرد، كە سەرچاوەكە ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر لەبارەی دەستپێشخەرییەكە بخاتەڕوو.

پاشگەزبوونەوەی مەسرور بارزانی‌و پێچەوانەبوونەوەی هاوكێشەكان
درەنگانێكی شەوی 2020/8/15 مەسرور بارزانی لەراگەیەنراوێك ئاشكرایكرد، كە لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدامان تاوتوێ كرد و جەختمان لەوە كردەوە، كە دەستووری عێراق بنەمای چارەسەری ھەموو كێشەكانە و ھەر ڕێككەوتنێك دەبێت ڕەچاوی تایبەتمەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بكات.

مەسرور بارزانی راشیگەیاند، ھەر لەو پەیوەندییەدا ھەردوولا ئاماژەمان بەپێشڤەچوونی ڕەوتی دانوستانەكان كرد، كە بەرھەمی دانوستانی چەندین مانگی شاندە دانوستانكارەكانی ھەردوولا بووەو لە سەر بنەمای ئەو لەیەكگەیشتنانەش، لەسەر چارەسەریی ھەنووكەیی كێشەی موچەخۆرانی ھەرێم ڕێككەوتن و بڕیاردرا بە پێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیكترین كاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەك بەشە موچەیەك لە بەغداوە ڕەوانەی ھەرێم بكرێت.

“پۆڵەتیك پرێس” لەبەدواچوونەكەی ئەوەی ئاشكراكرد، كە مەسرور بارزانی لەئەنجامی فشارو هۆشدارییەكانی یەكێتی‌و جوڵەكانی لاهور شێخ جەنگی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەگەڵ مستەفا كازمی ئەنجامداوەو بەناچاری پەنای بۆ رێككەوتن بردووە.

 

مەسرور بارزانی لەئەنجامی فشارو هۆشدارییەكانی یەكێتی‌و جوڵەكانی لاهور شێخ جەنگی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەگەڵ مستەفا كازمی ئەنجامداوەو بەناچاری پەنای بۆ رێككەوتن بردووە

 

هەروەها “پۆڵەتیك پرێس” لەسەرچاوەیەكی ناو پارتی ئەوەشی ئاشكراكرد، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە مەسرور بارزانی ئامادەیی نیشانداوە، وەك هەرێمی كوردستان رێككەوتنەكە واژوو دەكەن‌و بە مەرجەكانی عێراقیش رازی دەبن.

ماوەیەكی زۆرە بەهۆی رێككنەكەوتنی حكومەتی هەرێم و بەغداوە، قەیرانی دارایی لە هەرێم بەردەوامی هەیە، بەوهۆیەشەوە حكومەت توانای دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی نییەو لەمساڵدا تەنیا دوو موچەی فەرمانبەرانی دابەشكردووە.

بەقسەی چاودێران ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هەولێرو بەغدا واژوو دەكرێت هۆكارێك دەبێت بۆ چارەسەری بەشێكی زۆری قەیرانی دارایی هەرێم‌و باشبوونی دۆخی موچەخۆرانی هەرێم، كە بەرپرسانی یەكێتی هەر لەسەرەتاوە بەو ئامانجە بەشداری حكومەتی هەرێمیان كرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا