دەسەڵاتی ئاسایشی

لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسەڵاتەكان بە گشتی سەرەتا سەربازی بوون. دەزگای سەربازی بۆخۆی دەزگایەكی مۆدێرنە. زۆرجار ئەم جۆرە دەسەڵات و دەوڵەتانە سەركوتكەربوون. دەوڵەتی سوپایی، یان دەسەڵاتی سوپایی بەكارهێنانی هێزە بۆ گەیشتن بە ئامانج.

زۆرجار ئەم ئامانجە بریتیە لە وێناكردنی كۆمەڵگا وەك سەربازگەیەكی گەورە. سەربازگە جێگایەكە كە هەموو یەك شێواز جل دەپۆشن، سیستەمێكی پلەبەندی ڕەق لە ئارادایە، هەموو شتێك ڕێكخراو و خۆشەكراو و دیسیپلینە. خەونی كردنی كۆمەڵگا بە سەربازگەیەك، لە پێناو مۆدرێنكردنیدا زۆرجار بە نەگبەتی و شكست و تراژیای شكاوەتەوە.

ساتع حصری و ئەوان ئەم خەونەیان هەبوو.
بەڵام لە ساڵانی ڕابوردودا كاتێك دەوڵەتی سەربازی بەرەو قەیران ڕۆشت، بە تایبەتی پاش ڕوخانی سۆڤیەت، جۆرێكی تر لە دەوڵەت و دەسەڵات لە ناوچەكە سەریهەڵدا، كە بە دەوڵەتی ئاسایشی یان ئیستخبارات، ئینتلیجینس دەناسرێت. جیاوازی نێوان دەسەڵاتی سەربازی و دەسەڵاتی ئاسایشی زۆرە.

لە كوردستان ئێمە لە حكومەتی حیزب و پاشان مەكتەب سیاسیەوە بە خێرایی بەرەو دەسەڵاتی ئاسایشی دەڕۆین. دەسەڵاتی ئاسایشی وەك سەربازی زەق و دیار و بە زەبرنیە، بەڵكو نهێنی شاراوە و نادیارە. دیارە ئەمە لە گەڵ گەشەی تەكنەلۆجیادا ئاسان بوە، بە هۆی بونی كامیرای چاودێری لە هەموو شوێنێك و ئاسانی بە دەستهێنانی داتا لە سەر كەسەكان. كێشەی سەرەكی دەسەڵاتی ئەمنی لە نادیاریدانیە، بەڵكو زیاتر لە بەرجەستەبونیدایە.

ئەگەر دەسەڵاتی سەربازی كۆمەڵگای تاك ڕەنگ و تاك بەها و تاك سیستەمی ڕێكخستنی دروست دەكرد، ئەوا دەوڵەتی ئەمنی یان ئیستخباراتی دەسەڵاتێك بەرهەم دەهێنێت كە گومان و نەبونی بڕوا و تاوانسازی بۆ هەموان خەسڵەتە سەرەكیەكانی دەبێت.

كورد لە ئەو دەوڵەتانەی تیادا دەژی بە دەست ئەوەی پێی دەوترێت سێكیورەتایزەیشن دەناڵێنێت. سیكیورەتایزەیشن، دیدێكی ڕەخنەیی پاش پۆزەتیڤیزمە لە چەمكی ئاسایشی تەقلیدی، كە هەمیشە ئەوەی پێی دەوترێت ئاسایش یان لە خانەی ئاسایشدا پۆلێن دەكرێت مەرج نیە مەترسی ئاسایشی بێت، بەڵكو زۆرجار دید و بەرژەوەندی دەسەڵاتە ئاسایشییەكەیە. بەم پێیە بون بە مەترسی بێسنور و كراوەیە و بۆ هەموانە. لە ئەنجامدا هەمو كۆمەڵگا دەتوانرێت بە ئاسانی بكرێت بە مەترسی و وەك مەترسی مامەڵەی لە گەڵدا بكرێت. ئەم مامەڵە لە گەڵ ئاسایشدا وەك ئامرازی نوخبەی دەسەڵات، قۆناغێكی مەترسیدارە و زۆر لە بنەما سەرەكیەكانی كۆمەڵگا دەكوژێت.

ئەمڕۆ لە دونیادا دەوڵەت توانایەكی ناكۆتا و بێشوماری هەیە بۆ چاودێری. چین نمونەی باڵایە لەم بوارەدا. لە چین سیستەمێك هەیە پێی دەڵێن كریدتی كۆمەڵایەتی، بەو مانایە هەموو كەسێك لە لەلایەن دەوڵەتەوە چاودێری دەكرێت و لە میانەی ئەم چاودێریەدا لە پرۆسەیەكی خەڵات و سزادا هەموو ئەندامانی كۆمەڵگا لە بەندیخانەیەكی گەورەی پانۆئۆپتیكدا دەسوڕێنەوە.

ئێمەی كورد پێویستمان بە دەسەڵاتی مەدەنیە. دەسەڵاتێك كە تیایدا مرۆڤ بتوانێت توانا پەنهانەكانی بەرجەستە بكات . ئەمە پێویستی بە كرانەوە، هاوكاری، باوەڕ، ڕێز، جیاوازی و عەقڵانیەت هەیە. خوا رەحم بە مناڵەكانمان بكات!!

سەردار عەزیز

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا