پۆڵەتیك پرێس
بڕیارە لە سلێمانی لە گردبونەوەیەكدا كە دژی سزادانی ئازادیخوازانی بادینان و دەستێوەردانی سیاسی و حیزبی لە دادگاكان بەڕێوەدەچێت، تێیدا ئەو كەموكوڕی و پێشێلكاریە یاساییانە ئاشكرا بكرێن كە لە دادگایكردنی سزادراوانی بادینان رویانداوە.
دادوەر لەتیف شێخ مستەفا لە بانگەوازێكدا رایگەیاندووە، سبەینی پێنج شەممە 25 شوبات، لە كاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ لە باخی گشتی سلێمانی گردبونەوەیەكی ناڕەزایی جەماوەریی لەلایەن پارێزەران و یاسا ناسان و رێكخراوەكانی كۆمەلگای مەدەنی و چالاكوانان ئەنجامدەدرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەو گردبونەوەیەدا یاداشتێك دەخوێنرێتەوەو كەمكوڕی و پێشێلكاریە یاساییەكانی دادگایكردنەكەی سزادراوانی بادینان دەخرێنەڕوو.
دەشڵێت، “بۆ ئەوەی چارەنوسی منداڵەكانمان وەك منداڵەكانی مامۆستا شڤان و شیروان شیروانی و ئەوانی تری لێ نەیەت داوا دەكەین هاوڵاتیان بەشداری گردبونەوەكە بكەن”.
رۆژی 16ی ئەم مانگە دادگای هەولێر بە تۆمەتی “سیخوڕی و هەوڵدان بۆ كودەتا”، بڕیاری شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج رۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی دەڤەری بادینان دەركرد، بڕیارەكەش لەلایەن بەشێكی زۆر لەهاوڵاتییانەوە رەتكرایەوە.