یەكێتی كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەركوك دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی رایگەیاند، عەرەبە شۆڤێنیەكانی كەركوك بەهەموو شێوەیەك بەكاردەهێنرێن دژی كوردانی كەركوك بۆ چۆڵكردنی شارەكە، یەكێتیش كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكات.

نەجات حاجی تۆفیق لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لەو شوێنانەی كە هاوسنورن لەگەڵ گوندەكانی عەرەبی سونە بەتایبەت لە ناوچەكانی داقوق و دبس و گوندەكانی دەوروبەری، عەرەبی شۆڤێنی و هاوردە هەر رۆژەی لەژێر ناوێكدا بە پشتیوانی پارێزگاری كەركوك و ئەو هێزانەی لەسنورەكەدا هەن دێنە سەرموڵك و ماڵی كوردەكان، بەڵام كوردەكان بەرگری دەكەن.

وتیشی، “تەهدیدی زۆری كورد دەكرێت لەژێر ناوی جۆراوجۆر و داعشدا، بەڵام روون نییە هەموو دژایەتییەكان داعشن یان عەرەبە شۆڤێنییەكانن لەو رووەشەوە لایەنە ئەمنییەكانی پارێزگای كەركوك لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە”.

لێپرسراوی راگەیاندنی  مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێتی لە رێگەی سەركردایەتی و نوێنەرەكانی لەبەغدا هەموو هەوڵێكیانداوە بۆ رێگریكردن لەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر بەكورد دەكرێت لەپێناو گەڕانەوەی مافەكانیان و پاراستنی ژیانیان.

پێشتریش فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق سەردانی سەرۆكی پەرلەمانیان كردو كێشەو گرفتەكانی كەركوك و پارێزگاری ئەو شارەیان گەیاندە سەرۆكایەتی پەرلەمان تاوەكو كار بۆ چارەسەركردنی بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا