پۆڵەتیك پرێس
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ماستەر پلانی شار و شارۆچكەكان نوێدەكاتەوەو هەندێك لەنەخشەی ماستەر پلانەكانیش دەگۆڕێت.
كوردۆ عومەر وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئەوان مامەڵە لەگەڵ سێ جۆر ماستەر پلانی شار و شارۆچكەكان دەكەن و هەندێك لە ماستەر پلانەكانیش پێویستیان بە نوێكردنەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی نەخشەڕێگەیەكن بۆ چاكسازیكردن و دواتر پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران دەكەن.
وتیشی، “ئەو سێ جۆر ماستەر پلانەی مامەڵەی لەگەڵ دەكەین، یەكەمیان ئەوانەن بۆ شار و شارۆچكەكان جێبەجێكراون، بەشێكی دیكەیان ئەوانەن چوونەتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، بەڵام تەواو نەكراون، بەشێكی دیكەشیان پەیوەندی بە شار و شارۆچكەكانەوە هەیە كە تا ئێستا ماستەر پلانیان نییە”.
ئەو هەنگاوەی وەزارەتی شارەوانی دوای ئەوەدێت، هەندێك ماستەر پلانی شارەكانی هەرێم ماوەی 10 ساڵ زیاتر بەسەر جێبەجێكردنیاندا تێپەڕیوە و ئێستا پێویستییان بە گۆڕانكاری و نوێكردنەوەو چاكسازی هەیە تاوەكو لە رێگەی پلانەوە كار بۆ ماستەر پلانی نوێ بكرێت.