قەیران یان چارەسەر؟

بڕگەیەكی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەت جێبەجێكردنی سیستەمی نا ناوەندیێتیە، یەكێتی و گۆڕانیش كە لە بەڕێوەبردنی وڵات هاوبەشی پارتین، هەمیشە پێویستیی جێبەجێكردنی ئەو بڕگەیە دووپات دەكەنەوە، بەڵام تا ئێستا خاوە خاوە و دەستی دەستی پێ دەكرێ، چونكە پێناچێ سەرۆكی حكومەت ئەو پێداگریەی یەكێتی و گۆڕانی بەلاوە جددی بێ. ئەگەر پارتی بەگشتی و بەتایبەتیش سەرۆكی حكومەت مەبەستیان بێ ئەوا دەكرێ هەردوو پڕۆژەكەی یەكێتی و گۆڕان و پڕۆژەی پارتیش دابندرێنە سەر مێز، بەدیالۆگ و لێكتێگەیشتن بەڕێنمایی ئەو دەسەڵاتانەی لەدەستی حكومەتن شۆڕبكرێنەوە و لەسەر پڕۆژە یاسایەكیش بەمەبەستی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان تر و جێبەجێكردنی نا ناوەندیێتی رێكبكەون و وڵات لە قەیرانێكی نەخوازراو رزگار بكەن. ئەوەی سەیرە هیچ لایەنێكی حكومەت ئەو سیستەمە ڕەتناكەنەوە، كەچی جێبەجێكردنیش دیار نییە!

پەیڕەكردنی نا ناوەندیێتی پڕۆژەیەك نییە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی یەكێتی یان گۆڕان بێ، تا حكومەت نەچێتە ژێرباری، بەڵكو پڕۆژەیەكی نیشتیمانییە و لە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستاندایە و فاكتەرێكی گرنگیشە بۆ بەهێزبوونەوەی قەوارە و حكومەتی هەرێم.

ئێستا هەرێم لە دووڕیانە، ئەگەر بێت و لەوە زیاتر خەمساردی لەبەرامبەر ئەو پڕۆژە سترایتیژییە بنوێندرێ، چاوەڕاوان دەكرێ ڕووبەڕووی قەیرانێكی سیاسی گەورە ببینەوە. بە پێچەوانەشەوە دەتواندرێ نەك هەر ڕێگای چارەسەر بگیرێتەبەر، بەڵكو بەیەكەوە هەنگاو بۆ چارەسەری قەیرانەكانی تریش بنێین.

بەپێی ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمان و دەسەڵاتی حكومەت بێ پارتی هێزی یەكەمە، بەڵام لەلایەك هەلومەرجەكانی هەرێمی كوردستان لەو ئاستەدانین كە بەزۆرینە و كەمینە كار بكرێ، لە لایەكی دیكەش بە چاك و خراپ لێپرسراویێتیەكە زیاتر ئەكەوێتە ئەستۆی ئەو. ئێمە هەمیشە داوا لە بەغدا دەكەین كە بەزۆرینە و كەمینە لەگەڵ هەرێمی كوردستان كار نەكا، بەڵكو دەبێ بە سازان و رێككەوتن بێ. ئەدی ئەگەر لێرە بەخۆمان بەپێچەوانەكەی بكەین ئەوان چیمان پێ دەڵێن؟

بابەتی نا ناوەندیێتی كارێكی هێندە سانا و سادە نییە، تا بە پاساوی جۆراوجۆر دەستی لێ هەڵبگیرێ. بۆیە خۆ لێدزینەوە و فەرامۆشكردنیشی كارێكی سادە و سانا نابێ. من هیچ گومانم نییە كە لەسەری ڕووبەڕووی قەیرانێكی تر دەبینەوە.

هێشتا دەرفەتی رێككەوتن لەبارە و ئالنگارییە ناوەخۆیی و دەرەكیەكانیش رێككەوتن و سازانمان بەسەردا دەسەپێنن، بە ئومێدی رێككەوتن.

ئارێز عەبدوڵڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا