پۆڵەتیک پرێس
وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەس نوێکردەوە، کۆمپانیای نەوتی بەسڕەش هەواڵی زیادبوونی رێژەی هەناردەکردنی نەوتی رەتکردەوە لە بەندەرەکانی باشوری عێراق.
لەوبارەیەوە خالد حەمزە شەرع، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، تێکڕای هەناردەی نەوت بۆ مانگی شوبات هێشتا لە سێ ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەدا جێگیرە.
هاوکات، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە لەبارەی زیادبوونی رێژەی هەناردەکردن لە دەروازە دەریاییەکانی خوارووی عێراقەوە بڵاوبوونەتەوە.
وتیشی: ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق جەختی لە گرنگی پابەندبوون بە بڕیارەکانی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس کردووەتەوە لەپێناو بەدیهێنانی هاوسەنگی لە بازاڕەکانی نەوت و باشترکردنی ئابووری وڵاتانی بەرهەمهێن.
هەینی رابردوو ماڵپەڕی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، سەرباری پەیمانەکانی بە پابەندبوون بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان، هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە نیوەی یەکەمی مانگی شوبات بازدانی بەخۆیەوە بینیوە.