هەڤاڵ ئەبوبەكر: حكومەت داواكارییە دارایی و كارگێڕییەكانمانی جێبەجێكرد

پۆڵەتیك پرێس

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، حكومەتی هەرێم داواكارییە دارایی و كارگێڕییەكانیانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕینی جێبەجێكرد.

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەسەرپەرشتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبونی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرانی دارایی و ئابوریی و پلاندانان پارێزگاری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو فەرمانگا پەیوەندیدارەكانی ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕێی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبونەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، كۆبونەوەكە تایبەت بەبوارە كارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزاریی و پڕۆژەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بووە.

دەشڵێت، “لە كۆبونەوەكەدا بە روونی و بە وردیی و دڵسۆزانەو بەرپرسانە راپۆرتی هاوبەشی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاو یەكە كارگێڕییەكان و داواكارییە كارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزاریی و سەرمایەگوزاریی و پەرەپێدانەكانی هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگاكانیان تاوتێكردووە”.

جەخت لەوەشدەكاتەوە، هەموو ئەو پێشنیازو داواكارییانەی لە ڕاپۆرتە هاوبەشەكاندا گەڵاڵەكرابوون؛ لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكانەوە پەسەندكران و بوون بەبڕیار.

وتیشی، “ئەو سێكتەرو بوارانەی لەم ڕاپۆرتانەدا بۆ ساڵی ۲٠۲۱ پەسەندكراون دەتوانن بەشی زۆری داخوازیی و پێداویستییە زۆر پێویستەكانی دامەزراوە دەوڵەتییەكان دابین بكەن بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بكەن”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا