پۆڵەتیک پرێس
محەمەد شەبەکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، زۆربەی فراکسیۆنە سیاسییەکان دەیانەوێت پڕۆژەیاسای بودجە بە رێککەوتنی سیاسی تێبپەڕێندرێت نەک بە دەنگدانی زۆرینەی پەرلەمان.
شەبەکی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، وادەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 هێشتا نادیارە، بەتایبەت کە لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانەوە، لەنێوان بەغدا و هەرێم چەندین بەربەست هەیە.
باسی لەوەشکرد، دانوستانەکان لەگەڵ کورد هیچ ئەنجامێکی نەبووە بۆ یەکلاکردنەوەی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجە تا وادەیەک دیاریبکرێت بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە.
وتیشی: پەرلەمان دەتوانێت بەدەنگی زۆرینە پڕۆژەیاساکە تێبپەڕێنێت، بەڵام چەند لایەنێک نایانەوێت پەناببرێتەبەر ئەو بژاردەیە، بەڵکو لەبری ئەوە دەیانەوێت لەڕێی رێککەوتنی سیاسییەوە پڕۆژەیاساکە تێبپەڕێندرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، كۆبونەوەكانی شاندی ههرێمی كوردستان ئەنجامی باشیان هەبووە و ناوەند و هەرێم لەرێكەوتن نزیك بونەتەوە.