ئەم بابەتە 81 جار بینراوە
پۆڵەتیك پرێس
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەسەدە رایگەیاند، لە هێرشی توركیا بۆ سەر عەین عیسا و گرێ سپی لە رۆژئاوای كوردستان سێ چەكداری توركیا كوژران و حەوت سەربازی دیكەشیان برینداربوون.
هەسەدە رایگەیاندووە، دەوڵەتی توركیا هێرشەكانی بۆ سەر گوندەكانی عەین عیسا و گوندەكانی گرێ سپی لە رۆژئاوای كوردستان زیادكردووەو لە هێرشەكاندا، بە تایبەتی گوندەكانی، حوریە، خۆشان، خالدیە و رێگای ئێم فۆر دەكاتە ئامانج.
دەشڵێت، “شەڕڤانەكانمان لە چوارچێوەی پاراستنی رەوادا، وەڵامی هێرشەكانیان دەدەنەوەو لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێزەكانماندا، لە خۆشان و خالدیە شەڕ سێ چەكداریان كوژراوەو حەوتی دیكەشیان برینداربوون”.
هاوكات روانگەی سوری دواین راپۆرتی خۆی لەبارەی گرژییەكانی سوریاوە بڵاوكردەوەو رایگەیاند، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) داوایەكی هێزەكانی روسیای رەتكردوەتەوە بۆ ئەوەی گوند و ناوچەكانی سەر رێگەی نێودەڵەتی ناسراو بە M4 رادەستی هێزەكانی توركیا بكات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هۆكاری رەتكردنەوەی ئەو داوایە بەهۆی ئەوەوە بووە، چونكە ئەو رێگەیە دەبێتە هۆی دابڕانی هەردو شارۆچكەی عەین عیسا و كۆبانی و بۆ ئیدارەیەكی خۆسەری رێگەیەكی سەرەكی و ستراتیژییە.