دەرگای جەهەننەم دەكرێتەوە

مەسەلەكە زۆر سادەیە، رێككەوتن كاتێك دەكرێت كە دوو هێز هاوتای یەك بن، لە غەیری ئەوە یەكێك تەسلێمی ئەوەی دیكە دەبێت. كورت و پوخت لە باشترین حاڵەتدا، ئەگەر بەغدا نەتوانێ تێكڕای دۆسیەی نەوت لەژێر چنگی كورد دەربێنێت ئەوا تا ماوەیەك رەنگبێ بڕە پارەیەك بنێرێ.

بەغدا ئیتر ترسی لە كورد شكاوە و زۆریش بێمنەتە. هەموو ئەو شتانەی كە تا پێش ریفراندۆم و شانزدەی ئۆكتۆبەر وەكو دیفاكتۆ بۆ كورد چووبووە سەر، بەغدا لە رێگەی دەستوورەوە دەیانخاتەوە ژێر ركێفی خۆی. چەسپاندنی دەستوور سیادەیەكی ئەوتۆ بۆ كوردستان ناهێڵێتەوە.

قەیرانێكی سیاسیی جددی بەرۆكی كوردستان و ئەو حكومەتەی ئێستای گرتووە؛ هەموو حزبەكان بە پارتیشەوە(كە حكومەتی لایە) بەشێكیان لاقێكیان لە ناو دەسەڵات و لاقێكی دیكەیان لەناو موعارەزەیە. ئەوەش زەمینەیەكی لەبارە بۆ بنكۆڵبوونی تێكڕای سیستەمەكە.

ئەم بارودۆخەی ئێستا هاتۆتە ئاراوە، لە كاتێكدایە كە قەیران بە قەیران دەڵێ”نەختێ خۆت لادە” و حكومەتیش لە زۆربەی كاتدا، كەوتۆتە حاڵەتی رەدفعل و بەرگری لەخۆكردن. بەرامبەرەكانی زیهنییەتێكیان لە مێشكی خەڵكدا چاندووە كە خەڵك بڕوا بە هیچی حكومەت نەكات. ئەگەرچی ئێستا تا راددەیەك بوغرایی رۆژانی سەرەتای كابینەی نۆیەم بەدی ناكرێت، بەڵام نەبوونی متمانەی سیاسی زۆژبە رۆژ زیان بە پێگەی حكومەت دەگەیەنێ و بۆ گێڕاندنەوە یان بنیادنانی ئەو متمانەیە هەنگاوێكی ئەوتۆ بەدی ناكرێت.

سلێمانی پاژنەی ئاشیلی ئەم حوكمڕانییەی ئێستایە. تەنانەت ئەگەر حكومەت توانای دابینكردنی موچەشی هەبێت، دەستبەرداری لامەركەزییەتی ئیداری و مالی نابن و لە حاڵەتی بەردەوامیی ئەم ململانێیەی ئێستا، هیچ دوور نییە لە ژێر پاساوی دیكەدا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدادا بكەن. ئارگۆمێنتی سەرانی یەكێتی ئەوەیە كە دەڵێن نامانەوێ لە سلێمانی باجی بڕیاری یەكلایەنەی پارتی لە هەولێر بدەین چونكە لە مانگی ئازاردا، دەنگۆی ئەوە هەیە كە خۆپێشاندانی بەرفراوان دەست پێ بكات.

یەكێتی زەمینەسازییەكی زۆری لە رووی مێدیایی و جەماوەرییەوە(تەنانەت نێودەوڵەتیشەوە) بۆ دابڕاندنی سلێمانی(گەرمیان، راپەڕین وهەڵەبجە) و دەرهێنانیان لە ژێر دەستی هەولێر ئەنجام داوە. ئەمەش بەدڵی بەغدا و هێزە ئیقلیمییەكانە و سەرەتایەكە بۆ هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم و، بە لامەركەزییەتیش ناوەستێ، ئەگەر وەزع بەو ئاقارەدا بڕوات.

ئەگەرچی یەكێتی دەڵێ ئەوە دوو ئیدارەیی نییە، بەڵام جارێ زمانێك بەكاردێنێ كە كارتی گوشارەكەی زۆر بە جددی وەربگیردرێت و لە هەمانكاتیشدا پێگەی لە حوكمڕانیی هەولێردا ئەگەر بە شێوەیەكی سەمبۆلیكیش بێت بمێنێت.

ئەوەی یەكێتی لە مێشكیدایە لە داهاتوودا بیكات، كرانەوەی دەرگای جەهەننەمە بۆ پارتی. وڵاتێك دوای چوارساڵ لە حەماسی سەربەخۆییەوە گەڕابێتەوە بۆ وابەستەیی زیاتر و زیاتر بۆ بەغدا و هەرێمەكەشی بووبێتە دوولەت و، ئاسەواری كوردستانێكی بەهێز نەمابێت، كارەساتە!

رێبوار كەریم وەلی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا