جه‌بار یاوه‌ر: به‌فه‌رمی پرسی زیادكردنی هێزه‌كانی ناتۆ نه‌هاتوه‌ته‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

ئەم بابەتە 72 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس
ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، بەشێوازێكی فەرمی هیچ نوسراوێك دەربارەی زیادكردنی هێزەكانی ناتۆ لەعێراق نەهاتووە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هاوكات هێزەكانی ناتۆش لەهەمووعێراقدا ته‌نیا لە شاری بەغدا یەك نوسینگەیان هەیە.

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بەپۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، “هەتا ئێستا ناتۆ بەفەرمی هیچ هێزێكیان بۆ عێراق نەهێناوە بەڵام ئەو 61 وڵاتەی بەشدارن لەهاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش و بەشێكیان ئەندامن لەهێزەكانی ناتۆ، هێزی سەربازی خۆیان هێناوە بۆ عێراق ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتیە نێودەوڵەتییەی لە لەساڵی 2014 دروستكراوه‌”.

وتیشی:”نازانرێت هەواڵی زیادكردنی هێزەكانی ناتۆ لەعێراق لەچوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییەدایە كەهێزەكانی ناتۆ دەیانەوێت ژمارەی سەربازەكانیان لەعێراق زیاد بكەن، كە ئەوەش بەڕێككەوتن و لەسەرداوای حكومەتی عێراق دەبێت یان جگە لەهاوپەیمانێتییەكە عێراق رێكەوتنی كردووە لەگەڵ ناتۆ وەك هاوپەیمانێتی ئەتڵەسی بۆ زیادكردنی هێزەكانیان لەعێراق، بۆیە پێویستە عێراق ئەوە روونبكاتەوە چونكە زیادكردنی هێزەكانی ناتۆ لەئەستۆی حكومەتی عێراقە و دەسەڵاتەیان هەیە و دەتوانن رێككەوتن بكەن، هەرێمیش ناتوانێت راستەوخۆ بێگەڕانەوە بۆعێراق مامەڵەیەك لەگەڵ ئەوهێزانەدا بكات”.

جه‌بار یاوه‌ر ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو 61 وڵاتە هێزی بچوكیان هێنا بۆعێراق كە دواتر ئامارەكەی دیاریكرا نزیكەی پێنج هەزار سەربازبوون، هەندێكیان راهێنەری سەربازی هێزەكانی عێراق بوون و ژمارەیەكی كەمیشیان بەڕەزامەندی حكومەتی عێراق هاتنە هەرێم، بۆ دروستكردنی هەماهەنگی و هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە.

سەبارەت بەكاری لیژنەی لیكۆلینەوە لەهێرشەكانی سەرهەولێر ئاماژەی بەوەكرد، وەزارەتی پێشمەرگە لەرێگەی هەواڵگری وەزارەتەكەیانەوە زانیاری دەدەن بەلیژنەكە و وەزارەتی پێشمەرگە لایه‌نی یه‌كه‌می لیژنه‌كه‌ی نییه‌، وه‌زاره‌تی ناوخۆ لەئەنجامی لێكۆڵینەوەكان و راگەیاندنی بەرپرسن.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک