هەنگاونانی مرۆڤ بەرەو مەریخ بۆچی؟

ئەم بابەتە 12 جار بینراوە

مێژووی تۆماركراوی بەبەردبووەكان كەلەبەر دەستمانە بەڕوونی پێمان دەڵێت كە داینەسۆرەكان پتر لە 130 ملیۆن ساڵ گەورە و حاكمی سەر هەسارەی زەوی بوون، بەڵام ئەوان دوای مانەوە بۆ ئەو ماوە دور و درێژە لەسەر زەوی لەناوچوون لەئەنجامی بەركەوتنی هەسارۆكەیەك بەر هەسارەی زەوی بەر لە نزیكەی 66 ملیۆن ساڵ كە زۆربەی زیندەوەرانی ئەو كاتەی لەناوبرد بە داینەسۆرەكانیشەوە…

هەروەها ئێستا دەزانین هەموو جۆرەكان لە مرۆڤی كۆن كە پێشتر هەبوون لەناوچوون، ئێمەی مرۆڤی نوێ كە بە هۆمۆسێیپانەكان ناسراوین تاكە جۆری مرۆڤین كە لەئێستادا هەین، هەموو كاتی بوون و مێژووی مرۆڤیش بە جۆرە كۆنەكان و بەئێمەشەوە لەسەر هەسارەكەمان تەمەنی لە نزیكەی دوو ملیۆن ساڵ تێپەڕ ناكات، ئەگەر مرۆڤیش وەك داینەسۆرەكان بەتەنیا هەر لەسەر هەسارەی زەوی بمێنێتەوە ئەوا لەناوچوونی مسۆگەر دەبێت هەتا ئەگەر بتوانێت بۆ دەیەها ملیۆن ساڵیش بمێنێتەوە وەكو داینەسۆرەكان، بەكورتی ئەگەر ئێمەی مرۆڤ تەنیا لەسەر هەسارەی زەوی بژیین و بمێنینەوە ئەوا لەكۆتاییدا ئێمەش بەدەردی داینەسۆرەكان دەچین و بە ڕووداوێكی هاوشێوەی سروشتی لەناودەچین…

كەواتە چۆن مرۆڤ دەتوانێت بۆ ماوەیەكی زۆر درێژتر لەداینەسۆرەكان لەگەردوون بمێنێتەوە..؟

تاكە ڕێگە بۆ مانەوەی مرۆڤ بۆماوەیەكی دور و درێژتر لە گەردوون ئەوەیە پەل بۆ دەرەوەی هەسارەی زەوی بهاوێژێ و كۆمەڵگای ژیان دروست بكات لەسەر هەسارەكانی تر، دەبێت مرۆڤ لە بونەوەرێك كە ئێستا تەنیا لەسەر هەسارەی زەوی دەژییت ببێتە بونەوەرێكی ئاسمانی نێو هەسارەیی لەو چەند سەدەیەی داهاتوودا، ئەمەش زەمینە خۆشدەكات بۆ ئەوەی دوای دەیەها و سەدەها هەزار ساڵی تر یان ملیۆنەها ساڵی تر ببێتە بونەوەرێكی گەلەئەستێرەیی، ئەمەش تەنیا ڕێگە دەبێت بۆ مانەوەی مرۆڤ لەگەردوون بۆ ماوەیەكی درێژتر، دەزانم هەندێكتان ئەم زاراوانە بە فانتازیای زانستی دەزانن، بەڵام دەیەها ساڵە هەنگاوی سەرەتایی نراوە و دەنرێت بەرەو ئەو ئامانجە درێژخایەنە…

ئامانجە سەرەكیە درێژخایەنەكانی پشكنینەكانی ئاسمان بریتین لە: سود وەرگرتن لە سەرچاوەكانی وزە و كەرەستە خاوەكانی تری دەرەوەی هەسارەكەمان، هەروەها بڵاوبوونەوە و پەلهاویشتنی مرۆڤ بەرەو بۆشایی ئاسمان و بە وردیش بەرەو ژیان لە خولگەكان بەدەوری زەوی و دواتر هەسارەی مەریخ و هەندێك لە مانگەكانی هەسارەی موشتەری و زوحەل، هەنگاوە هەرە درێژخایەنەكانیش بریتیە لە پەل هاویشتنی بەرەو قوڵایی گەلەئەستێرەكەمان…

بێ گومان تەكنەلۆژیا و زانست چەكێكی دووسەرەیە، دەشێت نیعمەت و خۆش گوزەرانی بەرپا بكات و هەروەها ئەگەر زۆر وریا نەبین دەشێت ببێتە هۆی نەگبەتی و لەناوچوونیشمان، بەڵام ئەگەر مرۆڤەكان بەتێكڕا، بەتایبەتیش ئەو ووڵات و كۆمەڵگا و لایەنانەی داهێنەرن و پەرە بە زانست و تەكنەلۆژیاكان دەدەن بەشێوەیەكی گشتی واز لە ڕق و كینە و چاوچنۆكی و وێرانكردنی ژینگە و لەناوبردنی ژیان و زیندەوەران بهێنن و زانست و تەكنەلۆژیا تەنیا بۆ ئامانجە جوانەكان بەكاربهێنن، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەموو مرۆڤایەتی لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی سەرەوە نزیك دەبێتەوە…

كەواتە ئامانجی درێژخایەن لە هەنگاونانی مرۆڤ بەرەو هەسارەی مەریخ دەچێتە ئەو بوارەوە، كاتێك چاودێری گەردوون دەكەین كە بێشومارە لە فراوانی یەكسەر وای بۆ دەچین كە ژیان بەگشتی زۆر دەگمەن بێت لەنێو گەردوون، ئەگەر وابێت ژیانی زیرەك كە خۆی لە مرۆڤدا دەبینێتەوە لەوانەیە زۆر زۆر دەگمەنتریش بێت، ئێستا لەوە دڵنیایین چونكە دەزانین كە سەر هەڵدانی ژیانی زیرەك لەسەر هەسارەكەمان لە ژیانی سەرەتاییەوە پتر لە 3 ملیار ساڵ كاتی ویستووە، لەبەر ئەو گرنگیەی ژیانی زیرەك هەروەها لەبەر زۆری مەترسیە سروشتیەكان لەسەر ژیان لە هەسارەكەمان پێویستە تا بتوانین زووتر پەل بهاوێژین بەرەو هەسارەیەكی تر جگە لە زەوی، هەسارەی مەریخیش كە بەدەستە خوشكی زەوی دادەنرێت لەو شوێنانەیە كە دەشێت بگونجێنرێت بۆ ژیان، سەرەتا دەتوانرێت كۆمەڵگای داخراوی ژیان دابمەزرێنرێت لەوێ، دواتریش هەموو هەسارەكە بگونجێنرێت بۆ ژیان، بۆ زانیاریشتان ئامانجی ئاژانسی ناسا و سپەیس ئێكس ئەوەیە پێش كۆتایی ئەم سەدەیە لایەنی كەم چەند كۆمەڵگایەكی ژیان بۆ مرۆڤ لەسەر هەسارەی مەریخ دابمەزرێنرێت…

لە كۆتاییدا دەڵێم: ئەگەر تەنیا كۆمەڵێك هێلكەت هەبوو ئەوا باشترە لەبەر ناسكی و لەترسی شكانیان هەموویان نەخەیتە نێو یەك سەبەتەوە، ژیانیش بەتایبەتی ژیانی زیرەك و خاوەن شارستانیەتی كە زۆر ناسك و بەهادارە پێویستە پەلبهاوێژێ بۆ شوێنی تر و تەنیا لەسەر یەك هەسارە نەمێنێتەوە…

لوقمان حەوێز

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک