زیادکردنی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

ئەم بابەتە 78 جار بینراوە

پۆڵەتیک پرێس

تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند، ئەرکی سەربازی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە عێراق تەنیا تایبەتە بە بواری فڕۆکەوانی.

خەفاجی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، ئەو ژمارەیەی ئاماژەی پێدراوە لەبارەی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق، ورد نییە، وتیشی: هێزەکانی ناتۆ تایبەتە بە راهێنانپێکردنی هێزە عێراقییەکان.

لەلایەکی دیکەوە نەعیم عەبودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، زیادبوونی ژمارەی هێزەکانی ناتۆی لە عێراق رەتکردەوە.

نەعیم وتی: هاوپەیمانی فەتح ئاگاداری هیچ نیازێکی حکومەت نییە بۆ زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی ناتۆ.

باسی لەوەشکرد، زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی ناتۆ بیانویەکە بۆ زیادکردنی رۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ناتۆ نایەنە عێراق و پەرلەمان رێگریان لێدەکات چونکە زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی ناتۆ بابەتێکی لەلایەن هێزە پەرلەمانییەکانەوە رەتکراوەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا هەواڵی زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق بڵاوبووەوە.

 

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک