ئایە كۆنگرەی كۆمەڵ، یەكگرتوو بەرەو داخرانی زیاتر دەبات؟

سەرەتا پیرۆزبایی لە خوشك و برایانی كۆمەڵی دادگەری كوردستان دەكەم بە بۆنەی كۆتاییھاتنی كۆنگرەكەیانەوە. ھیوادارم بەردەوام لەگەشەكردن و پێشكەوتندابن و بەسەر ئاستەنگەكانی سەر ڕێگەیاندا زاڵ ببن.

سەبارەت بەگۆڕینی ناوی حیزبەكەو ئاوەڵناوی كەسی یەكەمیش، حەزدەكەین ئەم سەرنجانەی خوارەوە بخەینە ڕوو:
١- بەسیفەتی خاوەن فیكرێك كە چەندین ساڵە بانگەشە و تەنزیر بۆ نوێكردنەوەی تەوژی ئیسلامی دەكەم، دەستخۆشی زۆرم بۆم ھەنگاوە بوێرو پێشەنگانە ھەیە.

جێگەی سەرنجە حیزبێكی پاشخان جیھادی بتوانێ ھەنگاو بە ھەنگاو خۆی بكاتەوە، تا دەگاتە لێكردنەوەی پاشگری ئیسلامی و گۆڕینی ناوی ئەمیرو پێشتریش گۆڕینی ئاڵا.

بە پێچەوانەی ھەندێ كەس و ناوەندیش لە بازنە ئیسلامی و عەلمانییەكەی كوردستاندا، كە لەم كاتانەدا بۆ گومان خستنە سەر ھەنگاوەكان، دڵی خۆدانەوەو تێكنەچوونی ھاوسەنگی دەروونی و دەمارگیری حیزبی و ئایدۆلۆژی، كە ھەندێ ھەڵوێستی توندی فیكری مامۆستا عەلی باپیر لە رابردوودا دەكەن بە كەرەسەی ھەڵوێست دەربڕین، ئەو خاڵە نەك ھەر نیشانەی لاوازی و دوو فاقیی نییە، بەڵكو نیشانەی ئەرێنی و شایستەی پێشوازی لێكردنە، چونكە ئاماژەیە بۆ توانای ڕەخنە لە خۆگرتن و كرانەوەو تێپەڕاندنی قاڵبە زیھنییە كۆنەكان.

پێم وایە لەم ڕوەوە ئە وكەسانە زۆرتر لە ژێر پرسیاردان، كە لە كاتێكدا كۆمەڵ و سەرۆكەكەی بەو شێوەبوون، ئەوان ڕەمزی كرانەوە بوون، كەچی ئێستا لەكاتێكدا م.عەلی باپیر و كۆمەڵ لە ھەندێ روەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەوان بەجێدێڵن، ئەگەر نەگەرابنە دواوە لە جێی خۆیان چەقیان بەستوەو ھەموو گۆڕانكارییەك رەت دەكەنەوە!!

٢- گۆڕینی ناو سەرەتای ڕێگایە، كەسیش نەیوتووە ھەر ھێندەی ناو گۆڕا، قەڵەمبازێكی گەورە ڕوودەدا، چونكە ناوگۆڕین و پاشگری ئیسلامی لابردن وەكو زۆربەی حیزبە ئیسلامیەكانی جیھان شكاندنی بەربەستێكە لە نێوان خۆت و خەڵكدا، پێش ھەموو كەسیش خەڵكە دیندارەكە، كە پاشگرەكە بۆی بووە بە سەرچاوەی گومان و بۆنی ئیستیغلالی دین كاسبی كردنی بەسەرییەوە لێ دەكات. وە ئاماژەی ئەرێنی ناردنە بۆ ناوخۆو دەرەوە لە چەندین روەوە، كە پێشتر لە كتێبەكانمان لەسەر تەوژمی ئیسلامی و پێویستیی خۆنوێكردنەوەی، ئاماژەمان پێكردوون.

بۆ ئەوەی ھێزێك بتوانێت دەرگای ڕۆڵبینینی سیاسی و جەماوەریی لەبەردەمدا كراوەتر بێت، پێویستی بە دووبارە خۆبیناكردنەوەو گۆڕانكاری قوڵتر ھەیە، كۆمەڵیش لەم روەوە ھێشتا ماوەی بەرچاوی لە بەردەمدا ماوە بیبڕێت، بەڵام ئەگەر لەسەر ئەم ڕیتمەی ئێستا بروا دەتوانێت لە ئایندەدا لەم روەشەوە ھەنگاوی گەورەتر بھاوێت.
ھەر لە ئێستاشەوە ھیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم.

٣- ئەزموونی كۆمەڵ و نەھزەی تونسی و زۆر شوێنی تر پێمان دەڵێت: بە یەكەوە كۆبونەوەی سەركردایەتی فیكری و سیاسی لە كەسی سەركردەداو بڕوابوونی كەسی یەكەمی حیزب و ھێزەكان بەكرانەوەو پێداگری لەسەری، بەتایبەتیش لەم ناوچەدا، ڕۆڵی یەكلاكەرەوەیان ھەیە. ئەو ئەندازە كرانەوەو بەرەو پێشچونەی لەكۆمـەڵیشدا بەدیھاتووە، فەزڵی یەكەمی بۆ م.عەلی باپیر و توانای خۆگۆڕینی ئەو دەگەڕێتەوە. لەكاتێكدا لێكجیایی سەركردایەتی فیكری و سیاسی لە ھەندێ ھێزی تردا چەندین دەرفەتی خۆ نوێكردنەوەی لەدەستدان!

قسەیەكی دڵسۆزانە بۆ یەكگرتووەكان:
لەبەر ئەوەی كۆنگرەی كۆمەڵ كاردانەوەی جۆراوجۆری لەناو یەكگرتوودا بەدوای خۆیدا ھێناوە، كەشتێكی سروشتیە، حەزدەكەم ئەم سەرنجانە بخەمە بەردەم خوشك و برایانی خۆم:
١- دەزانم بەشێكی بەرچاو لە یەكگرتووەكان ئەمڕۆ بە ئاستی جیاواز تاڵاوی دەرونیان چەشتوەو ھەستیان بە جۆرێك لە بەجێمان كردووە! لەو سۆنگەوە كە پێیان وایە ھەندێ ھەنگاو لە لایەن ھەندێ ھێزەوە دەنرێت، كە بە بروای ئەوان لە رابردوودا لە رووی فیكریی وسیاسی و كرانەوەشەوە زۆر لە دوای یەكگرتوەوە بوون، وە دەبوو حیزبەكەی ئەوان ئەم دەستپێشخەریەی بكردایەو ئەوەندە لە گۆڕانكاری نەترسایە. نایشارمەوە براشتان لە كاتێكدا دڵخۆش بووم بەوەی لەسەر ئاستی ھێزێكی ئیسلامیدا، ھەنگاوێ بەو ئاقارەدا نراوە لەگەڵ فیكرو ھەوڵەكانی ڕابردووم تەبایە، لەھەمان كاتدا، ھەستم بە دڵتەنگی دەكرد كە یەكگرتوو بەخوت و خۆڕایی بە بیانووی زۆر لاواز، چەندین دەرفەتی لەم روەوە لە دەست خۆیدا!.

ھەر بۆیە لەم روەوە لە دڵەوە ھاوسۆزتانم، ئەوانەشتان لە رابردوودا بەشێ بوون لە ھەوڵی گۆڕانكاری، دڵتان بەوە خۆش بێت لە كاتی خۆیدا راست بیرتان كردۆتەوەو ھەڵوێستی راست و دڵسۆزانەتان بە ئاقاری بەرژەوەندییەكانی یەكگرتودا گرتووە. ھیوادارم بۆ بەشەكەی تریش كە بیركردنەوەیەكی جیاوازیان ھەبووە، ببێتە ھۆكاری بیركردنەوەیەكی جیاوازو دووبارە ھەڵسەنگاندنەوەی گوتارو تەرح و قەناعەتەكان.

٢— ھەوڵدەن یەكگرتوو بەرەو داخرانی زیاتر نەبرێت، چونكە بەش بەحاڵی خۆم پێشبینی ئەوە دەكەم. بە حوكمی ئەوەی، یەكێ لە كێشەكانی بڕیاردانی یەكگرتوو لە چەندین ساڵی رابردوودا، كەوتنە ژێر كاریگەری كۆمەڵبوو! بۆ نموونە یەكێ لەو پاساوە بەردەوامانەی بەرامبەر ھەر داواكاری و بانگەشەیەك بۆ كرانەوە جەختی لێدەكرایەوە، ئەوە بوو كە ھەنگاوێكی لەو شێوە كۆمەڵ دەیقۆزێتەوەو شەقامە ئیسلامییەكە بۆخۆی دەبات! ئێمەمانان زۆرمان لێ داواكردن لە ژێر ھەژموونی كۆمەڵ لەم روەوە بێینە دەرەوە، بەڵام بەداخەوە بێ سود بوو!! ئستاش پێشبینی دەكرێت بە دیوەكەی ترداو بە ناوی ئەوەی كۆمەڵ ئاوەڵناوی ئیسلامیی لە خۆی كردۆتەوە، گۆرەپانەكە چۆڵ بووە و دەرفەتە بۆ راكێشانی سۆزی شەقامی ئیسلامی( كەنازانم چەندبوونی ھەیەو ئەگەر ھەیە چەندە)، ھەروەھا بە بیانووی ئەوەی ئێمە لەوە گەورەترین لاسایی كۆمەڵ بكەینەوە! بەرەو داخراوی زۆرتر برۆین؟

۳- تێگەیشتن لە دیاریكردنی كەرەسەو پێداویستیەكانی كاراو كاریگەربوونی سیاسی و نوێبوونەوەی روحی، مەسەلەیەكی زانستی و فیكرییە، بابەتی سۆزو حەماسەت بە خەرجدان نیە. سەرەتای ھەموو ھەڵسانەوەیەكیش، داننانە بە كەوتن و شكستدا.

جارێ شای ئێران داوای ھۆكاری شكستی شەڕێكی لە جەنراڵێكی خۆی كردبوو، ویستبووی پینەو پەڕۆ بكات، ئەویش وەساندبووی و پێی وتبوو: (تا دان بەشكستدا نەنێین و ھۆكارەكانی دیاری نەكەین، ناتوانین لە شەڕی داھاتودا بیبەینەوە!)

بۆیە یەكگرتووەكان لە قازانجیانە دان بەوەدا بنێن ھەنگاوێك كە دەبوو ئەوان بینێن بە پاساوی لاواز نەیانتوانی! بەوەش دەرفەتێكی گرنگیان لە دەستدا.

خۆ خەریككردنیش بەوەی با مۆركی ئسلامی و دەعەوییەكەمان تۆختر بكەینەوە بۆ ئەوەی ھەندێ لە دەنگەكان بەدەست بێنینەوە؟ لە چەندین روەوە ھەڵەیە لەوانەش:
أ- ھەڵبژاردنی پێشووی كوردستان ناومان نەگۆڕیبوو لەگەڵ بزوتنەوەش دابەزین و گوتارێكی خەستی ئیسلامیمان تەبەنی كرد كەچی لە سەدا ٦٠/ ی دەنگەكان و ٥٠/ ی كورسیەكانمان لەدەستدا.

ب- خەڵكی كوردستان تا راددەییەكی زۆر ئەوەی تێپەراندووە دین لە كادری حیزبی وەربگرێت و بەو ھۆیەشەوە جەماوەر كۆبكرێتەوە.

ج- كۆمەڵ دام و دەزگای دەعەوی زۆرترە، سەلەفییەكانیش بەشێكی باش لە گۆرەپانەكەیان پڕكردۆتەوە، بۆیە ئەگەر مەبەست گەشەدان بە كورسی و سیاسی بێت ڕێگەی خۆی ھەیە، بانگەوازو كاری روحی و ئەخلاقیش بەھەمان شێوە.
بەكورتی:

وا چاكە یەكگرتوو لە ژێر ھەژموونی كۆمەڵ و رەنگدانەوەكانی ململانێی حیزبیی نێوخۆیی بێتە دەرەوە و لە كاردانەوە خۆی بەدوور بگرێت. لە كەش و ھەوایەكی ئارام و ھەست بەلێپرسراویەكی قوڵدا بیر لە ئایندەو چارەنوسی خۆی بكاتەوەو ئەو ھۆكارو رەگانەش دیاری بكات كە چەندین ساڵە ڕێگرن لەوەی توانای قۆستنەوەی دەرفەتی فیكری و روحی و سیاسی ھەبێت و ئیرادەی گۆرانكاری لێ زەوتكردووە. ئاگاشی لەوە بێت وەك ھەر ھێزێكی تر مەشمولە بەرێسای خوایی (تداول)؛ وتلك الایام نداولها بین الناس.

ئەبوبەكر كاروانی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا