پەرلەمان بەدواداچوون بۆ دامەزراندن لەوەزارەتی ناوخۆ دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، وەزارەتەكەیان پێویستی بە دامەزراندنی ١٨٤كەس هەیە وەك پۆلیسی پیادە لەسەر میلاكی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی گشتی و بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بەڵام روون نییە دامەزراندنەكە تەنیا بۆ سنوری پارێزگای هەولێرە یان پارێزگاكانی تریش دەگرێتەوە.

لەو بارەیەوە بالانبۆ محەمەد عەلی، جێگری لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان لەپەرلەمانی كوردستان بۆپۆڵەتیك پرێس وتی: ئەم هەفتەیە دەست بەبەدواداچوون لەسەر شێوازی دامەزراندنی خەڵك لەوەزارەتی ناوخۆ دەكەین ئەگەر بۆ هەموو كوردستان هەببێت كارێكی باشە، بەڵام ئەگەر دامەزراندنی كارمەند تەنیا بۆ پارێزگای هەولێر بێت پێویستە وەزارەتی ناوخۆ روونكردنەوە بدات لەسەر شێوازی دامەزراندنەكە ئایا لەجێگە دانانیان بۆ دەكرێت بۆ شوێنی ئەو كەسانەی وازیان هێناوە، یاخود دامەزراندنی سەرەتاییە، چونكە دامەزراندن راگیراوە.

باڵانبۆ محەمەد وتیشی: ئەگەر لەهەولێر خەڵك مافی دامەزراندنی هەبێت پێویستە لەپارێزگاكانی تریش ئەو مافە بەخەڵك بدرێت، بۆیە ناكرێت لەبەر ئەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی، كە كارمەنیان دەوێت لەهەولێرن ئیتر شوێنەكانی تر فەرامۆش بكرێن.

جێگری لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان باسی لەوەشكرد، ئەگەر دامەزراندن بەتەنیا لەهەولێر هەبێت ئەوە حكومەت مافێكی زۆر دەدات بەخەڵكی هەولێرو مافی گەنجانی شارەكانی تر زەوت دەكات ئەوەش بۆ سومعەی حكومەتی هەرێم جوان نییە.

رۆژی یەك شەممە وەزارەتی ناوخۆی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پێویستیان بە دامەزراندنی ١٨٤كەس هەیە وەك پۆلیسی پیادە ئەو كەسانەی وەزارەتی ناوخۆ دایاندەمەزرێنێت دەبێت 50 كەسیان دەرچووی ناوەندی بن و 50 ، كەسیش دەرچووی ئامادەیی بن بەهەموو لقەكانییەوە، 25 كەسیش دەرچووی پەیمانگای كومپیوتەربن، ٥٩ كەسەكەی تریان دەرچووی بەكالۆریۆس بن لە بەشەكانی بایۆلۆجی و كیمیا و فیزیا و زانستی كۆمپیوتەر و ئەندازەی كۆمپیوتەر.

راگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناخۆ لە كاتێكدایە، لەساڵی ٢٠١٤ەوە، دامەزراندن لە سەرجەم سێكتەرەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگیراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا