هۆکاری زیادکردنی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق ئاشکرادەکرێت

پۆڵەتیک پرێس

سەعد محەمەد کەعبی، شیکەرەوەی سیاسی لە عێراق رایگەیاند، بۆردومانەکەی هەفتەی رابردووی هەولێر بیانویەک بوو بۆ زیادکردنی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق.

سەعد محەمەد کەعبی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، سەرباری ئەوەی لایەنە نێودەوڵەتییەکان جەختیان لەوەکردەوە کە زیادکردنی هیزەکانی ناتۆ بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام بەغدا تا ئێستا هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەم زیادکردنە ئاشکرا نەکردووە.

وتیشی: بۆردومانەکەی چەند رۆژی رابردووی هەولێر، بیانویەک بوو بۆ زیادکردنی ژمارەی هێزە بیانییەکان و ئەمەش دژی بڕیارەکەی پەرلەمانە کە پێشتر لەبارەی دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق ئاماژەی پێدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دڵنیاییەی ماوەی رابردوو ئەمریکا لەبارەی کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق هەیبوو دژیەکە لەگەڵ زیادکردنی هێزەکانی ناتۆ لە وڵاتەکە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئەمریکا راستگۆ بووبێت لە کشانەوەی ژمارەی سەربازانی، ئەمڕۆ تاکە بیانوویەک بۆ زیادکردنەوەی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق پاراستنی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە بیانییەکانە.

پێنجشەممەی رابردوو، ئەمینداری گشتی هاوپەیمانانی ناتۆ رایگەیاند، هاوپەیمانان بڕیاریانداوە بە زیادکردنی ژمارەی سەربازانیان لە عێراق لە 500 کەسەوە بۆ چوار هەزار کەس.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا