ناو.. یا.. شوناس گۆڕین

لەكۆنگرەی ئەمجارەی كۆمەڵی ئیسلامیدا ،ناوەكەیان گۆڕی بۆ كۆمەڵی دادگەری، گەر وابزانرێت گۆڕین و لادانی پاشگری ئیسلامیی لە حزبێكی كۆنسەرڤاتیڤی وەك كۆمەڵ كارێكی ئاسانە ،هەڵەیەكی گەورەیە!!

بە گۆڕینی ئەو ناوە واتە هێنانی شوناسێكی نوێ و گۆڕینی زۆرێك لە پرەنسیپ و میكانیزمەكانی كاركردنی ئەو حیزبە، واتە چیتر ئەم حزبە موڵكی تەنها موسڵمانان نیە، بەڵكو مافی ئەندامێتی دەبەخشێتە مەسیحیەك، كاكەیی و یەزیدی و تەواوی پێكهاتەكانی تری خەڵكی كوردستان، واتە دەكرێت ژنێك و كچێكی بێ سەرپۆش و سترێج لە پێ و ڕێكپۆشێك وەك یەك بن،دەبێت كۆمەڵی دادگەری نوێ میكانیزمی نوێ لەمەڕ تێكەڵی و ئاوێتەیی ئەوەی ناونراوە دەعوە و سیاسەت بگرێتە بەر و هەڵنەگرتنی ئەم هەنگاوە پاشەكشێی بەدوادا دێت، كەواتە ئەم حزبە ئەبێ زۆرشتی بگۆڕێت.

بێگومان لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆمەڵ ڕوبەڕوی تەنگژەو قەیرانێكی سەخت و دژوار دەبێتەوە، ململانێیەكی سەخت لەنێوان هێزە كۆنسەرڤاتیڤەكان و ڕیفورمخوازان( موحافزكاران ، ئیسلاح تاڵەبان ) سەرهەڵدەدات،دور نیە ببێتە پوازێك بۆلەت بونێكی تری ئەو حزبە،(ئەوەی گوتارە توندەكەی یەكێك لە توندڕەوەكان و باڵی بەهێزی كۆنسەرڤاتیڤەكانی خوێندبێتەوە كە لەپیجەكان بڵاو كرایەوە هەست بەم ڕاستیە دەكات)

بەڵام فاكتی بەڵگەنەویست ئەوەیە، كۆمەڵ بەهۆی سستەمی پەروەردەیی پێگەیاندنی تاكەكانیان و كادیرەكانیان ،هەروەها مێنتالێتی زۆرێك لەسەركردەكان هەرگیز ناتوانن هەنگاو لەگەڵ گۆڕینی ناویان هەڵگرن و شوناسێكی نوێ و گۆڕانكاری لە میكانیزمی كاركردنی ئەو حزبە بكەن، بەڵكو ئەو كارەیان تەنها گۆڕینی ناوە نەك ناوەڕۆك، فۆرمە نەك جەوهەر، لەم كارەشدا ڕیفورمخوازان لاوازن و ناتوانن داكۆكی لێبكەن و كۆنسەرڤاتیڤەكان سەرسەختانە دژایەتی دەكەن و شكستی پێدەهێنن. چونكە مێنتالێتی تاكی كوردی موسڵمان سازو ئامادەباش نەكراوە ئەو شوناسە نوێ یە قبوڵ بكات و هەماهەنگی بێت بۆ سەركەوتن، بێگومان و بەدڵنیاییەوە تاكەكانی تری جڤاتی كوردی بەگشتی هەرگیز بڕوا بەم شوناسە نوێیە ناكەن و وەك ماسكێكی سیاسی دەنگ كۆكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی ئایندە مامەڵەی دەكەن و دەنگی پێ نادەن.

بەقەناعەتی خۆم ،كۆمەڵ تەنها ناوی گۆڕیوەو هیچی تر ،هەمان مێنتالێتی و هەمان باكراوندی كاركردنە.

دەبوو ساڵانێك لەمەو بەر حزبە ئیسلامیەكان ئەم هەنگاوەیان هەڵگرتایە، ناكرێت كاری سیاسی و حزبایەتی لە توێژێكی كۆمەڵگەدا وابەستە بكرێت و گوزارش تەنها لە خواستەكانی گروپێك بكات، بەڵكو دەبێت خێمە و چەترێك بێت تەواوی مرۆڤەكان بە جیاوازی دین و مەزهەب و ئایدیا و نەتەوەكانیان لەسایە و سێبەریدا كۆبكاتەوە،

وەدی هێنەری خواست و ئاواتەكانیان بێت، كاری حزبی وەك ڕێكخراو و سەندیكایەكی پیشەیی نیە تایبەت بێت بە چین و توێژ و پیشەیەك!!!

دەزانم گروپە كۆنسەرڤاتیڤەكانی ناو ئیسلامیەكان بەگشتی لەم میانەدا زۆر حەز دەكەن هەر هەنگاوێكیان هەڵگرت دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەلەفی صالح و تەئصیل كردن، خاتریان بگرن و بڵێن لە ڕێكەوتننامەی حودەیبیە ، كە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم لەگەڵ سوهەیلی كوڕی عەمر واژۆی كرد، سو هەیل زۆر چەمك و ئیدیۆمی ڕێكەوتنەكەی قبوڵ نەكرد (رسول اللە، بسم اللە الرحمن الرحیم) ئەمانەی گۆڕی. پێغەمبەریش كە لە پێگەی بەهێزیشدا بوو قبوڵی كرد ، چونكە دەیزانی و خوێندنەوە و دوربینی ئایندەیی بەهێز تر بوو . دەرئەنجام سەركەوتن و فەتحی مەككەی بەدواوە بوو.كەواتە بە ڕیش نیە بەئیشە، دەبێت گرنگی بدرێت بە گۆڕینی میكانیزمەكانی كاركردن و میتۆدی پەروەردەیی كادیران.

سەركردایەتی نوێی كۆمەڵی دادگەری دەبێت زۆرباش بزانن ئەم بەیداخ هەڵگرتن و ناو گۆڕینە ئاسان نیە، دەبێت شوناس گۆڕینیش بێت، نەیار و چاودێر و دۆستان هەموو زوومی كامێرەكانیان لەسەرتانە، ماوەیەك دەبنە بنێشتە خۆشەی دەمی ڕەوتی مەدخەلی و پاشان خورافەخوازان، هاوكات دوو حزبی ئیسلامیی بەرامبەرتان زومیان لەسەرتانە، ئەگەر سەركەوتوبن ئێرەییتان پێ دەبەن، ئەگەر ژێركەوتوبن دەبنە پەندێكی باش و مادەیەكی سیاسی گەرم كردن و هاندانی ڕێكخستنەكانیان.

بێگومان حزبە گەندڵەكانیش قسەی ئەمنی و تۆقاندنی خۆیان دەبێت.

یاسین رەسوڵ عوسمان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا