دێربیه‌كی پر له‌ كێشه‌ ده‌كرێت

پۆله‌تیك سپۆرت

ئه‌مرۆ له‌ خولی ئینگلیزی له‌ هه‌فته‌ی 24 هه‌ردوو یانه‌ ئیڤه‌رتۆن و لێڤه‌رپوول له‌ یاریی دێربی ئه‌و شاره‌ رووبه‌رووی یه‌ك ده‌بنه‌وه‌، كه‌ ئه‌م یارییه‌ جگه‌ له‌ ركابه‌ری نێوان ئه‌و دوو تیمه‌ له‌م وه‌رزه‌دا، ركابه‌رییه‌كی توندی مێژوویی له‌نێوانیاندا هه‌یه‌ كه‌ دواتر باسی ده‌كه‌ین.

سه‌ره‌تا له‌ وه‌رزی ئه‌مساڵی هه‌ردوو تیپه‌كه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌ین. یانه‌ی لێڤه‌رپوول له‌ پله‌ی شه‌شه‌م دێت به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 40 خاڵ. سه‌ره‌تا ئه‌م تیپه‌ باش و پر ئامانج بوو، به‌ڵام كاتێك پێكان رویكرده‌ یانه‌كه‌ به‌ تایبه‌تی هێڵی به‌رگری و یارییه‌ به‌هێزه‌كانیان دۆراند، ئه‌وه‌ به‌ ته‌واوی له‌ ركابه‌ری خوله‌كه‌ پاشه‌كشه‌یان كرد. یانه‌ی ریدز به‌وه‌ ده‌ناسرایه‌وه‌ به‌هۆی هێڵی به‌رگری و خێرایی هێرشبه‌ره‌كانی به‌ ئاسانی سه‌رده‌كه‌وتن به‌سه‌ر تیپه‌كاندا، كه‌چی له‌وكاته‌وه‌ی ڤاندایك تووشی پێكان بووه‌، ئه‌م یانه‌یه‌ هیچ ئاستێكی سه‌قامگیری نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت له‌دوا یاریی تووشی شكستێكی گه‌وره‌ هات به‌ده‌ستی یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی و كڵۆپی راهێنه‌ر دواتر وتی:
.ئه‌م وه‌رزه‌ بۆ ئێمه‌ كۆتایی هاتووه‌”.

یانه‌ی ئیڤه‌رتۆن كه‌ ئه‌نچیلۆتی ئیتاڵی راهێنه‌رایه‌تی ده‌كات، سه‌ره‌تایه‌كی باشی هه‌بوو، هه‌روه‌ها هه‌ستت ده‌كرد تیپێكی هاوسه‌نگن و به‌ ئاسانی له‌ تیپه‌كانیان ده‌برده‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ نیوه‌ی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ ئه‌م تیپه‌ش كه‌وت و چیتر نه‌یتوانی بچێته‌وه‌ خانه‌كانی سه‌ره‌وه‌. یانه‌ی ئیڤه‌رتۆن كێشه‌ی پێكان و جێگره‌وه‌ی یاریزانه‌ پێكراوه‌كانی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها رێژه‌ی گۆڵ له‌و یانه‌یه‌دا فره‌یی نییه‌، به‌ڵكو گۆڵكردنی تیمه‌كه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر لاوین راوه‌ستا و ئه‌ویش به‌ ته‌نیا ناتوانێت له‌ خولی ئینگلیزی ركابه‌ری بكات.

ئیڤه‌رتۆن 37 خاڵی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئامانجی ئه‌نچیلۆنی و كڵۆپه‌ به‌ بردنه‌وه‌ی ئه‌مشه‌ویان خۆیان بگه‌یه‌نه‌وه‌ ناوچه‌ی پێك فۆری ریزبه‌ندی، تا لانیكه‌م له‌ وه‌رزی داهاتوو بگه‌نه‌وه‌ به‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا.

 

هه‌وراز كاوه‌

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک