عەهدی نادادپەروەری بەرەوكوێمان دەبات؟

ئەم هەرێمە بەویستی یەك كەس، خەریكە بەرەو گەورەترین تەنگەژەی ئەخلاقی دەچێت. ئەویش سەپاندنی نادادپەروەری و بەكارهێنانی دەزگاكانی دادوەرییە بۆ سەپاندنی سزاو تەسفییەی حساباتی كۆن و یەكلایكردنەوەی كێشە كەسییەكان، بە تایبەتی ئەو كێشانەی پەیوەستن بە ئایندەی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندی یەك كەس و چەند كەسێكی دیاری كراو ناو پرۆسەی سیاسی.

(ئەرستۆ) كە فەیلەسوفێكی یۆنانییە”دادپەروەری بە گرنگترین بەشی رەوشت دەزانێت؛ و مەیدانی رەوشت لە مەیدانی دادپەروەری بەگەورەتر دەبینێت”.

بەو پێیەبێت، بڕیارەكەی دادگای هەولێر دەرحەق بە 5 بەندكراوەكەی سنوری بادینان و سزادانیان بە 6 ساڵ،

ئەوە دەردەخات كە ئێمە لەبەردەم گەورەترین تەنگەژەی ئەخلاقیداین.

سەدامیش بەیاسا سزای زیندانییەكانی دەدا
لەرابردوو سیستمی بەعس، زیاتر لە هەرسیستمێكی تر پەنای بۆ یاساكانی دەبرد، تەواو ئەو كەسانەی وەك ئەو بیریان نەدەكردەوە بە یاسا تاوان باردەكران، تەنانەت ئەوەی لە كەلەی خۆشیدا رقی لە بەعس و سەدام بوبێت سزای بەیاسا سزادەدرا، زۆرترین شۆڕشگێڕەكانی كوردستان كە دەگیران بەزۆرە ملێی دانپێدانانیان بۆ دەنوسراو لە ژێرئەشكەنجەدا ئیمزای ئیعتیرافیان پێ دەكرا، و پاشان بەرەو دادگای بەناو سەورە لە بەغداد راپێچ دەكران و بەیاسا (عەودا بەندەر)ی قاتل كە دادوەرێكی بەعسی بوو، شۆڕشگێڕەكانی دەكردە موخەریب و لادەر و بەتۆمەتی هاوكاریكردنی بێگانە و مەترسی بۆسەر یەك پارچەی عێراق، شۆڕش گێڕەكانیان شەهید دەكرد و حكومی سێدارەی بۆ دەردەكردن، خۆ ئەوەش هەریاسابوو؛ خۆ ئەوەش دادوەر بوو كە لەلایەن بەعسەوە قورمیشكرابوو كاری تەنها دەركردنی حكومی ئیعدام بوو!

لە كۆتایشدا (عەودا بەندەر) و تاقمەكەی بەعس بەهەمان یاسا لەبەردەم گەلی عێراق لە سێدارە دران! ئێمە كێشەی دادگاو دادوەر و یاسامان نییە بەڵكو كێشەی دادپەروەری و تێنەگەیشتنی پاراستنی شكۆی ئینسانمان هەیە؛ بەگشتی یاساو سەروەرییەكەی لەم جۆرە وڵاتانەی وەك خۆمان چەند رێنسانسێكی دەوێت؛ تا لە دەڵەمەیی رزگاریان دەبێت.

ئەگەر دیقەت بەیت لەسەر كەیسی گیراوەكانی بادینان، پێش دادگا و بریاری دادوەر، سەرۆكی حكومەت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەی جۆری سزاكەی ئاشكرا كردوو تۆمەتی دروستكراوەكەی خستە روو، پاشان دادگای هەولێر و دادوەرەكەی هەرئەوەیان كرد كە سەرۆكی حكومەت پێشتر روونی كردبووە و ووتبوی.

ئەنجام ئەوەی بۆ ئایندەی ئەم كۆمەڵگەیە گرنگە؛ دادپەروەری بە چاویلكەی ئەمنی سەیرنەكرێ و ژیان ئینسانەكانی ناوی نەكەوێتە ناو قەفەسێكی گەورە و یاسا بۆ سزادانی ئازادی دابتاشرێت.

رێبین عومەر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا