یەكێتی ئەوروپا كار بۆ گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی دەكات

ئەم بابەتە 63 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس

یەكێتی ئەورووپا رایگەیاند، ئێستا كاری لە پێشینەی یەكێتییەكەیان گەڕانەوەی ئەمریكایە بۆ رێككەوتننامەی ئەتۆمی و پابەندكردنی ئێرانە بە رێككەوتنەكەوە، كە دوای كشانەوەی ئەمریكا دەستبەرداریان بوو بوو.

پێتەر ستانۆ كە یەكێكە لە وتەبێژەكانی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند، یەكێتی ئەوروپا هیچ سزایەكی تایبەت بە پێشێلكردنی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە بۆسەر ئێران دیارینەكردوە و كۆمەڵێك ئاماژە هەن كە ئەوە نیشاندەدەن ئەمریكا بەشێك لەو سزایانە هەڵدەگرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێتی ئەورووپا ویستویەتی بە ئامادەیی ئەمریكا و لایەنەكانی دیكەی رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە كۆبوونەوەیەكی نافەرمی سازبكات.
وتیشی، “ئەگەر هەیە كۆبوونەوەیەكی لەوشێوەیە ئەنجامبدرێت، بەڵام تا ئێستا بەروارەكەی دیار نییە”.

ساڵی ٢٠١٥ وڵاتانی ٥+١ كە بریتیبوون لە ئەمریكا، بەڕیتانیا، فەڕەنسا، روسیا، چین، ئەڵمانیا و یەكێتی ئەوروپا رێككەوتننامەیەكی ئەتۆمییان لەگەڵ ئێران واژۆ كرد.

بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ و لە قۆناغی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، ئەمریكا تاكلایەنە لە رێككەوتننامەكە كشایەوە و دووبارە سزاكانی بۆ سەر ئێران دەست پێكردەوە.

دوای بوونی جۆ بایدن بەسەرۆكی، ئیدارەی نوێی واشنتۆن ئاشكرایكرد كە ئەگەر ئێران تەواوی ئەركەكانی ناو رێككەوتننامەكە جێبەجێ بكات ئەوا ئەمریكاش هەمانكار دەكات و ئامادەیە كۆبوونەوە و دانوستان لەگەڵ ئێران دەستپێبكاتەوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک