دژە تیرۆری كوردستان: لەژێر ناوی رۆژنامەنوسیدا دەرفەت دەقۆزرێتەوە بۆ كاری سیخوڕی

پۆڵەتیك پرێس

دژە تیرۆری كوردستان كە لەلایەن پارتییەوە بەڕێوە دەبرێت راگەیەنراوێكی لە بارەی سزای دەستگیركراوانی بادینانەوە بڵاوكردەوەو رایگەیاند، بەداخەوە لە كوردستان لەژێر ناوی رۆژنامەنوسیدا دەرفەت دەقۆزرێتەوە بۆ كاری سیخوڕی و پەرتكردنی گۆمەڵگە.

لە راگەیەنراوەكەی دژە تیرۆری كوردستاندا هاتووە، زۆر سەیرە لە كوردستان كەسانێك بە بڕیاری دادوەر و رێكاری یاسایی لەسەر سیخوڕیكردن و تێكدانی ئارامی و ئاسایش و سوتاندنی بارەگا حكومییەكان دەستگیربكرێن، بەڵام بۆ تەوزیفی سیاسی وەها لە رایگشتی بگەیەنرێت كە ئەمانە چالاكوان و رۆژنامەنووسن.

دەشڵێت، “بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان لەژێر پەردەی ئازادی و بەرقەراریی یاسادا، تێكدەرانی ئاسایش و سەقامگیری كوردستان، لەژێر ناوی رۆژنامەنوسی و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی، دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ پەرتكردنی كۆمەڵگە و تێكدانی گیانی پێكەوەژیان و خراپ بەكارهێنانی ئازادییەكان بۆ پەردەپۆشكردنی كاری سیخوڕی و دەستێوەردان لە دۆخی هەرێم”.

ئاماژە بەوەشدەكەن، لە كوردستان سەرەڕای ئەو هەموو بەڵگەیە لەسەر ئاژاوەگێڕان، بەڵام نابێت دادگایی بكرێن، چونكە چالاكوانی مەدەنی و رۆژنامەنووس و خۆپێشاندەرن! لە لایەكی ترەوە سەرقاڵی سیخوڕیكردنن بەسەر دەزگا ئەمنی و حكومییەكانەوە كاتێكیش دەستگیردەكرێن دەبنە رۆژنامەنووس!.

لە كۆتایی بەیاننامەكەشیاندا دژە تیرۆری كوردستان دەڵێن، “بریا ئەوانەتان ئەوەندەی بەرگری لە خیانەتكار و سیخوڕان دەكەن بەرگریتان لە خاك و نیشتمان و مافە نەتەوەییەكان بكردایە ئێستا بارودۆخەكە بەجۆرێكی تر بۆ هەمووان باشتر دەبوو”.

رۆژی 16ی ئەم مانگە دادگای هەولێر بە تۆمەتی “سیخوڕی و هەوڵدان بۆ كودەتا”، بڕیاری شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج رۆژنامەنووس ‌و چالاكی مەدەنی دەڤەری بادینان دەركرد، بڕیارەكەش لەلایەن بەشێكی زۆر لەهاوڵاتییانەوە رەتكرایەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا