لێپرسراوی مەڵبەندی چواری یەكێتی لە دهۆك: غەدر لە زیندانیانی بادینان كرا

پۆڵەتیك پرێس

لێپرسراوی مەڵبەندی چواری یەكێتی لە دهۆك رایگەیاند، سزای زیندانیكردنی چەند هاوڵاتییەكی بادینان یەكێتی نیگەران كردووە، چونكە ئەو سزایە غەدرێكی گەورە بووە بەرانبەر ئەو كەسانە.

ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی چواری یەكێتی لە دهۆك رایگەیاند، سەردانی ماڵی هەڤاڵ شڤان بەرۆشكییان كردووە كە یەكێكە لە زیندانیكراوەكان و پاڵپشتی خۆیان و یەكێتیان بۆ بنەماڵەكەیان دەربڕیووە، “ئەوەی بەرامبەر هەڤاڵ شڤان و هاوڕێكانی كرا، غەدرێكی گەورە بوو و یەكێتیی نیگەران كردووە”.

دەشڵێت، “ئێمە لەگەڵ رادەربرینی ئازاد دایین و پێمانوایە لەسەر كاری سیاسی نابێت، رۆژنامەنووس و چالاكوان زیندانی بكرێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو بڕیارەی دادگا دوورە لە هەموو عورفێكی یاسایی و مافی مرۆڤ.

باس لەوەشدەكات، باوكی شڤان بەرۆشكی سوپاسی لێپرسراوی مەڵبەندی دهۆك و مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی كردووە، ئەوەش لەپای پشتیوانیكردن لە كوڕەكەیان، هەروەك سوپاسی تایبەتی هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانی كرد بۆ پشتگیری و پشتیوانی بەردەوامیان.

رۆژی 16ی ئەم مانگە دادگای هەولێر بە تۆمەتی “سیخوڕی و هەوڵدان بۆ كودەتا”، بڕیاری شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج رۆژنامەنووس ‌و چالاكی مەدەنی دەڤەری بادینان دەركرد، بڕیارەكەش لەلایەن بەشێكی زۆر لەهاوڵاتییانەوە رەتكرایەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا