پۆڵەتیك پرێس
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، حكومەتی ئێران یاری بە ئاگر دەكات و رێكارەكانی گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی ئاڵۆز دەكات.
هایك ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، هەنگاوەكانی ئەم دواییەی ئێران هەڕەشە لە گەڕانەوەی گونجاوی ئەمریكا بۆ سەر رێكەوتنی ناوكی دەكات، چونكە تا فشاری ئێران زیاتر بێت دۆزینەوەی رێگە چارەیەكی سیاسی ئاسان نابێت.
وتیشی، “ئێستا دانوستانەكان بەشێوەیەكی بەرچاو ئاڵۆزبوون، چونكە ئێران لە جیاتی كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان، بە ئاشكرا بەدوای دروستكردنی ئاڵۆزی زیاتردایە، ئەوەش بە واتای یاریكردنە بە ئاگر”.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، دەسەڵاتدارانی ئێران پێشتر رایانگەیاند، ئەگەر بێت و ئەو ڕێكەوتنە ناوكییەی لە ساڵی 2015 مۆركراوە، وەك خۆی جێبەجێ نەكرێت، ئەوا ئەو پشكنینانە بلۆك دەكەن كە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییەوە لە هەفتەی داهاتووەوە داڕێژراوە.
ئەو هەڵوێستەی ئێرانیش وەك تەحەدایەك بەرانبەر وتەكانی پێشووی جۆ بایدن لێكدەدرێتەوە، كە چەندینجار باسی لە گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ رێككەوتنی ناوەكی كردبوو.
ساڵی 2015و لەكاتی ئیدارەی ئۆبامادا وڵاتانی پێنج كۆ یەك لەگەڵ ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتەوە گەیشتنە رێككەوتن، بەڵام دوای بوونی بە سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ ساڵی 2018 تاك لایەنە لەرێككەوتنەكە كشایەوە.