پۆڵەتیك پرێس
لیژنەی كاروباری یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكەن، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم لەبەرانبەر وتەكانی سەرۆكی حكومەت كە هەندێك لە دەستگیركراوانی بادینانی بەسیخوڕو بەكرێگیراو ناوبرد، بێ دەنگ بوو، بەڵام لەبەرانبەر وتەكانی سەرۆكی پەرلەماندا هاتە دەنگ.
عەباس فەتاح جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی لەپەرلەمان بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، قسەكانی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رای شەقامی لەسەر بووەو پەرلەمانی كوردستان نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان دەكات بۆیە هەركاتێك خەڵك و شەقام ناڕەزایەتییان لەسەر بابەتێكی گشتی هەبوو ئەوا پەرلەمان وەك نوێنەری خەڵك قسەی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەهەرێمی كوردستان هەموو ئەو بابەتانەی كە پێویستە حكومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری هەڵوێستەی لەسەر بكەن بەحیزبی كراون و زیانی گەورەشیان بەهەرێم گەیاندووە.
رۆژی 16ی ئەم مانگە دادگای هەولێر بە تۆمەتی “سیخوڕی و هەوڵدان بۆ كودەتا”، بڕیاری شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج رۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی دەڤەری بادینان دەركرد، بڕیارەكەش لەلایەن بەشێكی زۆر لەهاوڵاتییانەوە رەتكرایەوە.
لە بارەی ئەو روداوەشەوە رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتی، “باوەڕی نەگۆڕم بە پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان هەیە، بەڵام ئەوەی لە پەرلەمانتارانم بیستووە سەبارەت بە دادگاییكردنی ئەمڕۆی بەندكراوانی بادینان، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی قورس، هیوادارم ئەوان بێ متمانەیی بە دەسەڵاتی دادوەری تۆختر نەكەنەوە”.
دواتریش ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم رایگەیاند، ئەوەی جێی سەیرە هەندێ دامودەزگای فەرمی و یاسایی و لایەنی سیاسی لێدوانی جیاجیایان لەسەر پرۆسەی دادگاییكردن و بڕیارەكە داوەو هیوادارن ئەو جۆرە لێدوانانە نەدرێن.