پۆڵه‌تیك پرێس:
هێرشه موشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر په‌رده‌ی له‌سه‌ر دیمه‌نێكی نوێی ململانێی سیاسی هه‌ڵدایه‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره ململانێكه گه‌وره‌تره له‌وه‌ی له‌نێوان دوو پایته‌ختدا (هه‌ولێر و به‌غدا) بچوكبكرێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌مجاره ئه‌مریكا، ئێران و توركیا ده‌بنه یاریكه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و گه‌مه نوێیه‌ی دروستده‌بێت.
له‌پاش هێرشه موشه‌كییه‌كانی سه‌ر شاری هه‌ولێر كاردانه‌وه‌ی فراوانی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌وه دروستبوو، به‌ڵام ئاخۆ ئو كاردانه‌وانه ته‌نیا به‌هۆی هێرشێكه‌وه بووه كه له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا و هاوشێوه‌ی كارێكی تیرۆرستی ئه‌نجامدراوه؟ یاخود بابه‌ته‌كه له‌وه گه‌وره‌تره و ده‌كرێت ببێته ده‌ستپێكی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌ڕێكی دیكه‌ی ناكۆكی و پێكدادانی نێوخۆیی له عێراق؟
ئه‌و هێرشه‌ی شه‌وی دووشه‌ممه كرایه سه‌ر شاری هه‌ولێر ده‌ستپێكی ئاماده‌كاریی بوو بۆ شانۆی ململانێیه‌كی توندی سیاسیی له‌نێوان ئه‌مریكا، ئێران و توركیا، شوێنی شانۆكه‌ش ناوجه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و به‌دیاریكراویش هه‌ولێری پایته‌خته.
ساڵانی ڕابردوو ئیداره جیاوازه‌كانی ئه‌مریكا به گرنگییه‌وه له پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان ده‌ڕوانی، هه‌ندێك له به‌رپرسه‌كانی ڕابردووی ئه‌مریكا هانده‌ری پشت په‌رده‌ی جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێم بوون له عێراق، به‌ڵام كاتێك باراك ئۆباما هاته سه‌رحوكم و بووه 44هه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ئیتر گرنگیپێدانی ئه‌مریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌مبووه‌وه، تا هاتنی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا كه ئه‌و پشتگوێخستنه‌ی هه‌رێم گه‌یشته لوتكه‌ی خۆی.
له‌پاش ڕیفراندۆمی 25ی ئه‌یلولی ساڵی 2017ی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا چووه خراپترین ئاستی خۆیه‌وه، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێم پێشنیازه‌كانی ئه‌مریكای بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم ڕه‌تكرده‌وه.
له‌گه‌ڵ هاتنی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا به‌سه‌رۆكایه‌تی جۆ بایدن و هه‌ڵوێستی توندی میلیشیا شیعه‌كانی نزیك له ئێران بۆ كردنه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له عێراق، پرسی گرنگیپێدانی ئه‌مریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان زیندووبوه‌ته‌وه، چونكه هه‌ولێر وێستگه‌ی داهاتووی ئه‌مریكا ده‌بێت بۆ مانه‌وه‌ی له عێراق.
هاتنی ئه‌مریكا بۆ هه‌ولێر به‌واتای چی دێت؟
ئه‌مریكا له‌ماوه‌ی ڕابردوودا ده‌ستی به فراوانكردنی بنكه‌ی سه‌ربازیی هه‌ریر له هه‌رێمی كوردستان كرد، ئێستا چاوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ن هه‌ریر ببێه شوێنگره‌وه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د، كه گه‌وره‌ترین بنكه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مریكایه له عێراق.
هاتنی ئه‌مریكا بۆ هه‌رێم و به‌ناوه‌ندكردنی هه‌ولێر بۆ پێگه سه‌ربازییه‌كه‌ی، به‌واتای شكستی ئێران و هێزه نزیكه‌كانی له ده‌ركردنی ئه‌مریكا و ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی چه‌كداری له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی ئه‌مریكا.
له‌كاردانه‌وه‌ی هێرشه موشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر، ڕۆژی پێنج شه‌ممه به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌گه‌ڵ عه‌بدولعه‌زیز مه‌حمه‌داوی (ئه‌بو فه‌دك) سه‌رۆكی ئه‌ركانی حه‌شدی شه‌عبی كۆبووه‌ته‌وه، دوو سه‌رچاوه‌ی ئاگادار له‌كۆبوونه‌وه‌كه كه قسه‌ی بۆ ڕۆژنامه‌ی “عربی جدید” كردووه ده‌ڵێت “دانیشتنی سه‌رۆك كۆمار و ئه‌بو فه‌دك هێمنانه نه‌بووه، به‌لكو تیایدا په‌یامی توندی ئه‌مریكا و هه‌ولێر ئاڕاسته‌ی ناوبراو كراوه و تیایدا ئه‌گه‌ری هێرشی ئه‌مریكا بۆسه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی خراوه‌ته‌ڕوو”.
له‌به‌رامبه‌ردا حه‌شدی شه‌عبی ڕه‌تیكردووه‌ته‌و په‌یوه‌ندی به‌و هێرشه موشه‌كییانه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێره‌وه هه‌بێت، ئاماده‌یی خۆیشیان نیشانداوه بۆ هاوكاریكردن له لێكۆڵینه‌وه له‌و هێرشه موشه‌كییانه.
توركیا هه‌رێمی كوردستانی به‌لاوازیی ده‌وێت
به‌ناوه‌ندكردنی هه‌ولێر له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مریكاوه هه‌ر به‌ته‌نها مه‌ترسیی نییه بۆ ئێران، به‌ڵكو توركیا یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و وڵاتانه‌ی نیگه‌رانه له‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌قۆناغی داهاتوودا هه‌ولێر بكاته سه‌نته‌ری مانه‌وه‌ی له عێراق.
ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا مه‌به‌ستیه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌لاوازیی بمێنێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی هه‌رێم له‌به‌رده‌م هه‌ر جۆره له‌شكركێشییه‌كی توركیا كراوه بێت، به‌تایبه‌ت كه شه‌ڕی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه به ڕۆژێك یاخود دوان كۆتایی نایه‌ت و ماوه‌یه‌كی زۆرتری پێویسته.
هه‌رچه‌نده توركیا ده‌یه‌وێت به بیانووی په‌كه‌كه له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه بنكه‌ی زیاتر دابنێت، به‌ڵام ئامانجی ئه‌نقه‌ره به‌ته‌نها په‌كه‌كه نییه، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت له‌قۆناغی داهاتوودا ببێته یاریكه‌رێكی سه‌ره‌كی ململانێ سیاسییه‌كانی عێراق و له‌بری ململانێی ئه‌مریكی ئێرانیی له عێراق، هاوكێشه‌كه بۆ ململانێی ئه‌مریكی – ئێرانی – توركی بگۆڕدرێت.
هه‌رجۆره ململانێیه‌كی سێ لایه‌نه له‌داهاتوودا ئه‌گه‌ر ڕووبدات، چیتر شانۆی ڕووداوه‌كانی به‌غدا نابێت، به‌ڵكو ئه‌مجاره هه‌رێمی كوردستان گۆڕه‌پانی ئه‌و ململانێ نوێیه ده‌بێت، به‌وه‌ش هه‌رێمی كوردستان كه له‌ڕووی ئاسمانیی و زه‌مینییه‌وه پارێزراو نییه، گورزێكی گه‌وره به‌ر سه‌قامگیرییه ئه‌منی و سیاسییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێت.
جینین پلاسخارت، نێرده‌ی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق به‌ر له هه‌مووان هۆشداریدا له‌وه‌ی، “ئه‌وه‌ی له‌هه‌ولێر ڕوویدا مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه و سه‌قامگیریی هه‌رێم و عێراق ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه” هاوكات هۆشداریشیدا له‌وه‌ی، ڕێگریبكرێت له “له‌ده‌ستده‌رچوونی” دۆخه‌كه.
له‌پاش ڕاگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنی عێراق به‌سه‌ر داعشدا له‌ساڵی 2017، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی له سێ هه‌زار و 500 سه‌ربازه‌وه بۆ دوو هه‌زار و 500 سه‌رباز كه‌مبكرێته‌وه به‌شێكی زۆری ئه‌و سه‌ربازانه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كه له‌عێراق ماونه‌ته‌وه، له‌نێو خاكی هه‌رێمی كوردستاندان.
چاودێرانی سیاسی و شاره‌زایانی سه‌ربازیی پێشبینیده‌كه‌ن، ئه‌مریكا وه‌ك كاردانه‌وه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر، ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی له هه‌رێمی كوردستان زیاد بكات، به‌ڵام بژارده‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سه‌ربازیی بۆ ئه‌و هێرشه، ئه‌گه‌رێكی دوور نییه.