كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵی ئیسلامی بەرێوەدەچێت

پۆڵەتیك پرێس:
چوارەمین كۆنگرەی كۆمەڵی ئیسلامی دەستی پێكردو دوو رۆژ دەخایەنێت، لە كۆنگرەدا گفتوگۆ لەسەر پەیڕەو و پرۆگرامی حیزب دەكرێت و كەسی یەكەمی حیزب و ئەندامانی سەركردایەتی هەڵدەبژێرێن.

كۆنگرە لە پارێزگای سلێمانی و لە پێشانگای نێودەوڵەتی لەتاسڵوجە بەڕێوەدەچێت، 892 كەس ئەندامی كۆنگرەی چوارەمن لەكۆنگرەكە.

لە پەیڕەوی ناوخۆی كۆمەڵی ئیسلامیدا بڕگەیەكی یاسایی هاتووە، كە دەڵێت: كۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتە، بەو مانایەی لەیەك كاتدا چۆن دەتوانێت شەرعییەت لەهەر خولێكی سەركردایەتی وەربگرێتەوە، ئاواش سەرلەنوێ شەرعییەت بەدامودەزگاكانی حیزب دەبەخشێتەوە.

كۆمەڵی ئیسلامی لە 31ـی ئایاری 2001 راگەیەنراوە، تا ئێستا 4 كۆنگرەی بەستووە، ئەگەر چی لە رووی زەمەنییەوە بۆ هەر 5 ساڵ جارێك دەبوو كۆنگرەیەكی ببەستایە.

كۆنگرەی یەكەم:
ئەم كۆنگرەیە لە رۆژانی 10ـو 11ـو 12ـی تشرینی دووەمی 2005 دوای راگەیاندنی 4 ساڵ و 6 مانگ لە رۆژی دامەزراندنی كۆمەڵەوە لە شاری سلێمانی و لە هۆڵی كارگەی ئەلبیسەكە بەڕێوەچوو، كە 485 ئەندامی كۆنگرە بەشدارییان تێدا كردووەو لەو كۆنگرەیەدا پێشەواو ئەمیرو سەركردایەتی كۆمەڵ بەشێوەی مەركەزی و بەیەك بازنە هەڵبژێدران.

كۆنگرەی دووەم:
ئەم كۆنگرەیە لە رۆژانی 15ـو 16ـو 17ـی تەمووزی 2010 لە شاری هەولێرو لە هۆڵی خانزاد بەڕێوەچوو، كە 632 ئەندام بەشدارییان تێداكرد، لەم كۆنگرەیەشدا پێشەواو ئەمیرو 29 سەركردایەتی بەشێوەی مەركەزی و بە یەك بازنە هەڵبژێدران.

كۆنگرەی سێیەم:
ئەم كۆنگرەیە لە رۆژانی 30ـو 31ـی نیسان و 1ـی ئایاری 2015 لە شاری هەولێرو لە هۆڵی ئەوتار بەڕێوەچوو، كە 802 ئەندام تێیدا بەشداربوون، لەم كۆنگرەیەشدا بە دەنگدانی ئاشكرا ئەمیری كۆمەڵ و لەم كۆنگرەیەدا پەیكەری دامەزراوەكانی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ (ئەنجوومەنەكانی سەركردایەتی، ئەنجوومەنی سیاسی، ئەنجوومەنی چاودێری و لێپرسینەوە، بەرپرسی مەڵبەندەكان) دامەزران.

كۆنگرەی چوارەم: ئەم كۆنگرەیە بەسێ قۆناغی جیاواز دەستی پێكرد.
أ، قۆناغی یەكەم، ئەم قۆناغە بریتی بوو لە كۆبوونەوە گشتییەكان و 176 كۆبوونەوەی لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم بۆ ئەنجامدراوە،‌ 5 هەزارو 861 ئەندام بەشدارییان تێدا كردووە 571 ئەندامی كۆنفرانسی تێدا هەڵبژێدراوە.

ب، قۆناغی دووەم، ئەم قۆناغە بریتی بوو لە بەستنی كۆنفرانسە ناوچەییەكان، بۆ هەر 12 مەڵبەندەكەی كۆمەڵی ئیسلامی، لەم قۆناغەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیڕەوی ناوخۆی كۆمەڵی ئیسلامییەوە كراو پێشنیازی لەسەر وەرگیرا، هەروەها 20 كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی بەرپرسی مەڵبەندەكان هەبوون، 256 ئەندامی كۆنگرە لە كۆنفرانسە ناوچەییەكانەوە هەڵبژێدراون.

ج- قۆناغی دووەم، بەستنی كۆنگرە، كۆنگرە ئەمرۆو سبەیی، 18ـو 19ـی شوباتی 2021 لە شاری سلێمانی و لەهۆڵی پێشەنگای نێودەوڵەوتی بەڕێوەدەچێت، لەم كۆنگرەیەدا 892 ئەندام تێیدا بەشدارن، 212 ئەندام لە خوشكان و 770 ئەندام لە برایان.

لەم كۆنگرەیەدا گفتوگۆی ئەو بەشەی پەیڕەوی ناوخۆ دەكرێت، كە ڕای جیاواز هەڵدەگرێت و پێشنیازی كۆنفرانسە ناوچەییەكانی لەسەر هاتووە، هەروەها 51 كاندید كێبڕكێ دەكەن بۆ وەرگرتنی 20 پۆستی سەركردایەتی.

هاوكات 20 كاندید كێبڕكێ دەكەن بۆ وەرگرتنی 6 پۆستی ئەنجوومەنی چاودێری و لێپرسینەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا