پۆڵەتیک پرێس
لە بڵاوکراوەیەکی “برایت ساید”دا هاتووە، تا ئێستاش ناتوانین بەتەواوەتی لە سروشت و مەبەستی خەونەکانمان تێبگەین، بەڵام هەندێک بابەت و کردار هەیە کە هەرگیز لە خەونەکانماندا دەرناکەون.
بەپێی چەند تیۆرێک ئەو راستییە ئاشکرابووە کە خەونی مرۆڤ لەسەر بنەمای ئەو شتانە دروست دەبێت کە لە دنیای راستەقینەدا بینیویەتی یان ئەنجامیداوە، ئەمانەی خوارەوە چەند کردارێکن کە لە خەونەکانماندا ناتوانین بیانبینین:
١- بینینی مۆبایلی زیرەک
بەپێی تویژینەوەیەک تەنها ٪٣،٥٥ی ژنان و ٪٢،٦٩ی پیاوان لە خەونیاندا توانای بینینی مۆبایلی زیرەکیان هەبووە.
٢- نووسین، خوێندنەوە و قسەکردنی روون
ئەو بەشانەی مێشک کە بەرپرسن لە لێکدانەوەی زمان لەکاتی خەوتندا کەمتر چالاکن، هەر بۆیە لێکدانەوە و گوزارشتکرن بە نووسین و وتن لەکاتی خەودا ئەرکێکی سەختە.
٣- بینینی کەسانی نامۆ
بەپێی یەکێک لە تیۆرییەکان، مێشکمان توانای پێشبینیکردنی کەسانی نامۆی نییە، هەموو ئەو کەسە نامۆیانەش کە لە خەونەکانماندا دەیانبینین، یان کەسانێکن کە بەڕاستی لە شوێنێک بینیومانن یاخود روخساریان هاوشێوەیە لەگەڵ ئەو شێوانەی پێشتر پێی ئاشنابووین، لەگەڵ ئەوەشدا زانایان ئاماژەیان بەوەکردووە، ناتوانین لەم خاڵە بەتەواوەتی دڵنیاببینەوە ئەمەش بەهۆی سروشتی خەونەکانمان.
٤- ئەنجامدانی چالاکی جوڵەئامێز
رەنگە زۆربەمان ئەزموونی ئەوەمان کردبێت، لە خەوندا کاتێک هەوڵ دەدەیت رابکەیت یاخود بجەنگێیت و بازبدەیت، بەسەختی و بەخاوی دەتوانیت ئەجامی بدەیت، ئەمەش بەهۆی خاوبوونەوەی سیستمی ماسولکەی جەستە لەکاتی خەودا روودەدات.
٥- تەماشاکردنی خۆمان لە ئاوێنەدا
لە دنیای راستەقینەدا وێنەدانەوە پەیوەستە بە یاساکانی فیزیا، بەڵام خەون پەیوەستە بە پێشبینی و بیرەوەرییەکانی ناو نەستی مرۆڤەوە، هەر بۆیە بەگشتی ناتوانین شتێکی ئاوێنەیی یاخود خۆمان لە ئاوێنەدا ببینینەوە.
٦- تامکردن
یەکێک لە زاناکان دەڵێت، بەگشتی خەڵکی هەستی تامکردنیان لە خەوندا نییە، بۆیە زۆربەی کات لە خەوندا تەنها ئەوەمان لەبیرە کە هێشتا دەستمان نەکردووە بە خواردن یان تازە لە خواردن تەواوبووین بەڵام کاتێک دەمانەوێت بیرمان بکەوێتەوە کە چیمان خواردووە، دووچاری کێشە دەبینەوە لە ناسینەوەی ئەو خۆراکەی خواردوومانە و نازانین چی بووە.