كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ستپێده‌كات و عه‌لی باپیریش بێ ڕكابه‌ره‌

پۆڵەتیك پرێس
بڕیارە سبەینێ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان چوارەمین كۆنگرەی ئاسایی خۆی ببەستێت، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەكەش چەند زانیایەك لەبارەی كاندیدی بۆ پۆستی ئەمیری حزبەكە و سەركردایەتیەكەی دەخاتەڕوو.

ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی لە دواین كۆبوونەوەی خۆیدا كۆتایی مانگی شوبات‌و سەرەتایی مانگی ئاداری داهاتووی ئەمساڵی بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵ دیاری كرد.

هاوژین عومەر، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئامادەكاریی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵ بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: “بڕیارە رۆژی پێنج شەممە 18ی شوبات دەست بەبەستنی كۆنگرەكە بكەین، تا ئێستا هیچ كەس بۆ پۆستی ئەمیری كۆمەڵ خۆی كاندید نەكردووە، بەڵام ئێمە لە كۆنگرەكەدا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ كەسی یەكەمی كۆمەڵ دەكەینەوە”.

وتیشی، دوای كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی ئەمیری كۆمەڵ ئەگەر كاندید هەبوو بە پرۆسەیەكی هەڵبژاردن و لە رێگەی فۆڕمی تایبەتەوە دەكرێت، لە ئەگەری نەبونی “ڕكابه‌ری مامۆستا عەلی باپیریش چاوەرواندەكرێت بە دەنگدانی ئاشكرا كە هەر ناوبراو تاكە كاندیدە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە”.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەكە ئاماژەی بەوەكرد، پێشتر دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ بون بە ئەندامی سەركردایەتی كراوەتەوە و سەرجەم بەڵگەكانیان ئامادەكراوە، سەركردایەتیش لە سێ بەش پێكدێت بەشی یەكەم لە بەرپرسی مەڵبەندەكانن، كە پێشتر لەكۆنفرانسی مەڵبەندەكان 12 كەس هەڵبژێردراون دەبنە ئەندامی سەركردایەتی.

بەشی دووەمیش لەو سەركردایەتیانە پێكدێن كە لە كۆنگرە هەڵدەبژێردرێن، تائێستاش پێشنیازكراوە 20 سەركردایەتی هەڵبژێردرێن، ئەگەر گۆڕانكاری لە ژمارەكە نەكرێت، بەشی سێیه‌می لە نوێنەری تیمە وزاری و پەرلەمانیەكانن ئێستاش كە وەزارەتیان لە حكومەتدا نییە، یەكێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان و ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقیش، دەكرێنە سەركردایەتی ئه‌ویش بەپێی زۆرینەی دەنگ.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا