روحانی: بە دووبارە دانوستانکردن لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی قایل نابین

پۆڵەتیک پرێس

حەسەن روحانی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت پشکنەرانی ئەتۆمی وەدەربنێت، وتیشی: هەڵپەساردنی کارکردن بە پرۆتۆکۆڵە زیادەکان گۆڕانکاری گەورە لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێراندا ناکات.

رۆژی چوارشەممە حەسەن روحانی بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاند، ئێران هەوڵ نادات بۆ پەیداکردن و هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی و چەکی کۆکوژ و ئەم بڕیارەش یەکلاکراوەتەوە.

روحانی وتی: پێشوازی لە سەردانەکەی ئەمینداری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەکەین و دەتوانێت بەمەبەستی دانوستان سەردانی تاران بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی هەر گۆڕانکارییەک رەتدەکاتەوە لەو رێککەوتنە ئەتۆمییەدا بکرێت کە لە ساڵی 2015 واژۆکراوە.

وتیشی: دەکرێت تاوتوێی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بکەین، بەڵام قایل نابین بە دووبارە دانوستانکردن لەسەر رێککەوتنەکە و دەبێت بەوشێوەیە بمێنێتەوە کە لە ساڵی 2015 واژۆی لەسەرکراوە.

روحانی ئەوەشی خستەڕوو، تەنیا کێشەی بەردەم گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی سزاکانی ئەمریکایە، هاوکات، جەختی لەوەکردەوە، ئێران ئامادەیە دوای چەند سەعاتێک لە لابردنی سزاکانی ئەمریکا پابەندییەکانی کەمبکاتەوە.

لەدوای ئەوەی ساڵی 2018 ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە، دەستیکرد بە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا بەهۆی چالاکییە ئەتۆمییەکانییەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا