پۆڵەتیک پرێس
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بێزاربووم لە قسەکردن لەبارەی دۆناڵد ترەمپ و نامەوێت جارێکی دیکە لەبارەیەوە قسە بکەم.
جۆ بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند، ماوەی چوار ساڵە سەرجەم هەواڵەکان لەبارەی ترەمپەوەن، بەڵام دەمەوێت لە چوار ساڵی داهاتوودا، گەل میحوەری هەواڵەکان بێت.
لەلایەکی دیکەوە، لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆناوە بایدن ئاماژەی بەوەکرد، کار بۆ ئەوە دەکەین بەزووترین کات ڤاکسینی کۆرۆنا بگەیەنینە ناوچە سەختەکان.
بایدن باسی لەوەشکرد، لە کۆتاییەکانی مانگی تەمموز بەشی هەموو ئەمریکییەکان ڤاکسین بەردەست دەبێت و وتی: لە کۆتاییەکانی مانگی تەمموز زیاتر لە 600 ملیۆن ڤاکسین بەردەست دەبێت و بەشی هەموو ئەمریکییەکان دەکات.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە چینی مامۆستایان لەپێشینەی ئەو چینانەدا بن کە ڤاکسینیان بەسەردا دابەش دەکرێت.
بە بڕوای بایدن پێدەچێت مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو دۆخی ژیان ئاسایی ببێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بە یەکێک لە گەورەترین بەرهەڵستییەکان هەژمار دەکرێت کە رووبەڕووی ئیدارەی بایدن بووەتەوە.