شیروان شیروانی: بە خێزانه‌كه‌م تەھدید کراوم کێ ئەمە قبوڵ دەکات

پۆڵه‌تیك پرێس:
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، له‌دانیشتنی دادگایكردنی ده‌ستگیركراوانی بادینان، شیروان شیروانی وتویه‌تی “بە خێزانم تەھدید کراوم و ھاواری دەکرد کێ ئەمە قبوڵ دەکات”.

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌نوسینێكدا به‌ ناونیشانی “ئەمە چیرۆکی شیروان بوو” كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت “شیروان وتی عەلی تەکلیفێکم لێت ھەیە دەتوانی شتێکم بۆ بکەیت، وتم چی؟ وتی، عەلی گرنگ نیە چەند سزا دەدرێم، بەس تکات لێدەکەم ئەوەی لە دادگا بینیت وەک خۆی بیگەیەنە، باخەڵک وانەزانێ من تیرۆرستم یان سیخوڕی بۆلایەنێکی دەرەکی دەکەم. چیت دیوە لەم دادگا وەک خۆی بیگێڕەوە”.

ئەمە چیرۆکی شیروان بوو

کاتژمێر نزیک دەبوەو لە ٢:٣٠ ، گوتەی داواکاری گشتی و نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش و پارێزەرانی بەرگریکارو تۆمەتباران وەرگیرابوو.. چاوڕێ بوین دەستەی دادوەری بگەڕێنەوە بۆ ڕاگەیاندنی حوکمی دادگا.
چەند خولەکێک لەگەڵ شیروان و ئەو چوار کەسەی دیکە قسەم کرد..
من و شیروان چەندین جار یەکمان دیوە، ھاتوەتە ماڵم و ڕۆشتومەتە ماڵی، ساڵی ٢٠١٨ کە لە زاخۆ پەلاماردرام شیروانم لەگەڵ بوو.. واتە دۆستایەتی و ناسراویمان ھەبوو…
شیروان لە قەفەزی تۆمتبوو، زۆر لاوازبوو، باسی شوێنێ زیندانی بۆ دەکردم کە ھۆڵێکی بچوکە جێگای ٣٠ کەسەو نزیکەی ١٠٠ کەسی تێدایە!! لە نێو باسی بێتاوانی خۆی لە پڕ وتی: عەلی تەکلیفێکم لێت ھەیە دەتوانی شتێکم بۆ بکەیت.. وتم: چی؟
وتی: عەلی گرنگ نیە چەند سزا دەدرێم، بەس تکات لێدەکەم ئەوەی لە دادگا بینیت وەک خۆی بیگەیەنە، باخەڵک وانەزانێ من تیرۆرستم یان سیخوڕی بۆلایەنێکی دەرەکی دەکەم. چیت دیوە لەم دادگا وەک خۆی بیگێڕەوە..
وتم: بیخەمبەو ھەمویم نوسیوەو دەیگەیەنم..
ئەو بەڵێنەی دام، لێرە جێبەجێی دەکەم..
وەک خۆی چیرۆکی دادگایی کردنەکە دەگێڕمەوە..
شیروان تۆمەتبارکرا بەوەی داوای زانیاری دەکات لەسەر بەرپرسێکی ئەمنی سمێل، شیروان ڕەتیکردەوە ئەو دەنگە دەنگی ئەو بێت!
ئەو دەنگە ھی ھەر کەس بێت ( شیروان لەبەردەم دادوەر وتی : ھی من نیە) تەنیا پرسیاری ئەوەی کردبوو ئەو بەرپرسە کێیەو چیە… ھیچ شتێکی تێدا نەبوو تاوانی بەرامبەر ئەنجام بدرێت و ڕۆژانە ڕۆژنامەنوس ئەو پرسیارانە دەکەن..
یەکێک لەو تۆمەتانەی ئاراستەی شیروان کرا، وێنەی بارەگای دەزگای ئەمنی گرتوەو ئەمە کاری سیخوڕیە…
شیروان وتی: من ڕۆژنامەنوسم و سەرنوسەری گۆڤاری باشوربوم، ئەو وێنانەی گرتومە وێنەی زیندانی نھێنین نەک دەزگای ئەمنی و پێش ساڵی ٢٠١٥ لە گۆڤاری باشور بڵاومکردەوە، بۆ ئێستا لەسەری دادگایی دەکرێم ؟
پلانی عەسکەریم ئاشکرانەکردوە، شاھید قسەی کردوە سجنەو کەسیش سکاڵای نەکرد لەسەرم ئەوکات..
داواکاری گشتی، کە زۆر توندبوو لەسەر سزادانی شیروان و وتی: تۆ ئەندامی سەندیکای ڕۆژنانوسان نیت، چۆن کاری ڕۆژنامەوانی دەکەیت! پێوابوو ئەمە تاوانە؟ چەندین جار پێداگیری لەسەر ئەمە کرد..
شیروان وتی: ئەو گۆڤارەی من سەرنوسەری بوم مۆڵەتی ھەبوە، ھیچ مەرجێکی یاسایی نیە، کە ڕۆژنامەنوس ئەندامی سەندیکا بێت..
تۆمەتێکی دیکە ئاراستەی شیروان کرا، ئەوەبوو بەشداری خۆپیشاندانی دھۆک لە ٥ی ٢ی ٢٠٢٠ کردوە ئایا مۆڵەت ی ھەبوو؟
شیروان وتی: بەشدار نەبوم.
تۆمەتێکی دیکە ئاراستەی شیروان کرا، دروستکردنی گروپ بوە؟
وتی: تەنیا گروپی چاتمان ھەبوەو بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزاری، و بەنیازی نوسینی پەرتوکێک بوم لەسەر تیرۆری سیاسی لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ٢٠٢٠، ئەمەش پێویستی بە کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە ھەبوە..
شیروان ڕەتیکردەوە لە ھیچ گروپێکی چەکداریدا بەشدار بوبێت، وتی: من دژی چەکم و دژی کوشتنم، نەک چەکم نەبوەو لە ماڵیشمدا ھیچ جۆرە چەکو تەقەمەنیەک نەگیراوە، ھەر نازانم چەکیش بەکاربێنم..
ھیچ بەڵگەیەک نەخرایەڕوو کە شیروان بەشێک بێت لە ھیچ گروپێکی چەکداری یان ھیچ چەک و تەقەمەنیەک لە ماڵیدا گیرابێت..
شیروان، تۆمتبارکرا ئەندام بوە لە ڕێکخراوێک بەناوی ١٧ی شوبات، ئەم ڕێکخراوەش مۆڵەتی نیە
شیروان، وتی: لە بەلجیکا مۆڵەتمان ھەیە، ڕێکخراوەکەی ئێمە سیاسی و چەکداری نیەو ھەر کارێکم کردوە لە چوارچێوەی مافی مرۆڤ و کاری ڕۆژنامەوانی بوە.
شیروان، تۆمتبارکرا بەوەی وێنەی فڕۆکەیەکی لە دورەوە لە فڕۆکەخانەی ھەولێر گرتوە لە کاتی ھەستاندا، شیروان ڕەتیکردەوەو وتی: ئەو وێنە ھی ٢٠١٢ لەگەڵ دوو ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی چومە سەری کانی و لەوێ وێنەگیراوە نەک ھەولێر..
لەبارەی پەیوەندی بە پەکەکەوە، شیروان وتی: ھیچ پەیوەندیەکم بە پەکەکە نیەو خیلافیشم ھەیە لەگەڵیان..
تۆمەتبارکرا بەوەی، وێنەی ھەندێک ئەفسەر لە میسنجەرەکەیدا ھەبوە…
شیروان، وتی: ئەو وێنانە من بۆ کەسم نەناردوە، بەڵکو ئەو کەسە بۆ منی ناردوە”سیخوڕ”ی بەسەرەوە کردوم، کەواتە: ئەو کەسە بۆ دەستگیر نەکراوەو تاوانی من چیە؟
یەکێکی دیکە لەو تۆمتانەی ئاراستەی شیروان کرابوو پەیوەندیە بەلایەنی دەرەکی و پێدانی زانیاریە دژ بە ھەرێمی کوردستان…
داواکاری گشتی وتی: مەبەستیان ئەوەبوە لە سومعەی ھەرێم بدەن لە نێوەندە جیھانیەکان..
شیروان، رەتیکردەوەو وتی: پەیوەندیم بە ھیچ لایەنێکی دەرەکیەوە نیە لە شتەکانیان پێچەوانەی ھەیە جارێک دەڵێن بە ئەمریکاوەو جارێک دەڵێن بە ئێران..
بەڵێ پێشتر لەگەڵ نوێنەری سەندیکای پارێزەرانی پارێزەرانی ئەمریکا دانیشتوم، ئەویش دوای دەستگیکردنم..
منیش چۆن گیروام پێم وتن… وتیان: دەتوانین لەڕێگای گەورە پارێزەرانی جیھانی و دۆسیەکەشت دەنێرین بۆ بەشی ئازادی رادەربڕین لە نەتەوە یەکگرتوەکان..
بەشداری خولی ڕۆژنامەوانیم کردوە نەک سیاسی..
بەھیچ شێوەیەک مەبەستم لەکەدارکردنی ناوبانگی ھەرێم نەبووە، ئەوە ئیشی من نیە، وەک ڕۆژنامەنوسێک زانیاریم بڵاوکردوەتەوە..
تۆمەتێکی دیکە ئەوەبوو.. بۆچی لە فنلنداوە پارە بۆ خێزانی تەحویلکراوە.
شیروان وتی: من یەکەم جارە شتی وا ببستم .
تۆمەتێکی دیکە ئەوەبوە داوای زانیاری کردوە لەسەر دادوەرێک ، شیروان رەتیکردەوە..
شیروان وتی: دوو لاپتۆپ و موبایلێکم گیراوە، پاسۆردی یەکیانم لە ژێر ئەشکەنجەدا کردەوەو ئەوانی دیکە نازانم چۆن کراوەتەوە..
دادوەر وتی دواقسەت چیە..
وتی: من بۆ ئازادی ژیاوم باوەڕم بە توندوتیژی و کوشتن و سیخوڕی نیە… رەتی دەکەمەوەو باوەرم بە مرۆڤ کوشتن نیە، ئەگەر من بەشێکم لە گروپێکی چەکداری بۆچی یەکێک لەو چەکدارانە نەگیراوە، ئەمە گرتنەم سیاسیە..
من چی تێگەشتم..
بە وردی گوێم دەگرت و ھەمویم نوسی… بە ویژدانەوە دەیگوازمەوەو دەیڵێم.. چوار پەرلەمانتارو چەندین پارێزەر شاھیدن..
ھیچ بەڵگەیەکم نەبینی شیروان بەشێک بێت لە گروپی چەکداری، یان ھانی کەسێک بدات بۆ کوشتنی کەسێکی دیکە یان پلانی کوشتن دابنێ یان جێبەجێی بکات، ھیچ بەڵگەیەکی بەھێزیشم نەدی بیسەلمێنێت سیخوڕی بۆ وڵاتێک کردوە.. چەند جارێکیش وتی: بە خێزانم تەھدید کراوم و ھاواری دەکرد کێ ئەمە قبوڵ دەکات…
ئەگەر شیروان وێنەی زیندان یان دەزگای ئەمنی گرتووەو بڵاوی کردوەتەوە، دەبوو شەش ساڵ پێش ئێستاو لەسەر ئەوە دادگای بکرایە، نەک ئێستا کە گۆڤارەکەی لە ٢٠١٥ەوە داخراوە..
تێبینی: دەنگێک بە کۆمپیوتەر لێدرا، شیروان وتی ھی من نیە، دادوەر وتی: دواتر لە تاقیگە لەرەلەری ئەم دەنگە بەراورد دەکەین بزانین تۆیت.. داوەر پێش ئەوەی ئەمکارە بکات حوکمی شیروانیدا بەشەش ساڵ…
ھیواموایە دادگای تەمیز باشتر لەم دۆسیە بکۆڵێتەوە پێش حوکمی کۆتایی…
گواستنەوەی ئەم ڕاستیانەم لە دادگایەکی کراوە بە ئەرکی سەرشانی خۆم زانی…
عەلی حەمە ساڵح

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا